مه‌کینەی جەنگیی دەوڵەتی تاوانکاری ئیسرائیل ڕۆژانه‌ گیانی دەیان و سەدان کەسی بێتاوان لە غەززە دەکاته‌ قوربانی. ئەمڕۆ هاوکات لەگەڵ سەردانەکەی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکادا، کە بە خۆبەزلزانین و به‌وپه‌ڕی بێشەرمییەوه‌ بانگەشەی ئەوە دەکات کە "پێویستە هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی فەلەستین"، سێ نەخۆشخانەی ئەلشەفا و ئەندەنوسی و قودس لەلایەن فڕۆكه‌كانی ئیسرائیلەوە بۆردومان کران. بەهۆی بەردەوامی بۆردومان و هه‌روه‌ها هێرش بۆ سەر ئەمبولانسەکان تا ئێستا ژمارەی وردی قوربانیانی ئەم هێرشانە نادیارە. لە نەخۆشخانەی ئەلشەفا باس لەوە دەکرێت کە دەیان کارمەندی پزیشکی و ئەوانەی لەوێ چارەسەریان بۆ کراوە کوژراون و بریندار بوون.
ئەم ڕۆژانه‌ غەززە لە خوێن و تاواندا نوقم كراوه‌! حکومەتی فاشیستی ئیسرائیل، وه‌ك باسکی دڕندەیی و تاوانکاری حکومەتی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی، بڕیارە بەپێی نەخشە و بڕیاری ڕاگەیەندراو ژیانله‌ هەموو زیندەوەرانی ئەم ناوچەیە بسێنێته‌وه‌. ئەوان بە فەرمی ڕایانگەیاندووە کە هیچ یاسایەک لە کەرتی غەززەدا مانی نییه‌! هیچ بەڵێن و پەیمان و ڕیکەوتنێک کە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئه‌نجومه‌نه‌ جۆراوجۆرەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوادا بڕیاریان لێدراوە، لێرەدا کاری پێناکرێت! لێرەدا تاکە یاسای زاڵ، یاسای یانەی تاوانبارانی جەنگە، کە ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات و قەسابەکانی دەزگای حوکمڕانی ئیسرائیل فەرماندەیی دەکات. لە کەرتی غەززە، کورەکانی سووتاندنی فاشیزمی ئیسرائیل کە لەلایەن دەوڵەتمەدارانی ڕۆژئاوا و پنتاگۆن و سەرۆکەکانی حکومەتی ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێن، شەو و ڕۆژ بە بڵێسەی بەرزەوە كار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی گیانی ئینسانه‌كان بستێنێ. هیچ کەسێک سەلامەت نییە، تەنانەت بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان و نەخۆشخانە و پەناگەی پەنابەران کەلە ژێر "پاراستن"ی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە سەڵامەت نین. ئەمڕۆ کەرتی غەززە بووەتە کوشتارگەی هەزاران کەسی بێتاوان و دیمەنی داڕمانی هەموو بەها مرۆییەکانی "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی". ئەو برینەی کە تاوانەکانی حکومەتی ئیسرائیل و لایەنگرانه‌ جیهانییه‌كانیكردوویانه‌ته‌ جەستەی مرۆڤایەتی، هاوشێوەی ئەو برینەیە کە فاشیزمی هیتلەری كردیه‌ سەر ویژدانی مرۆڤایەتی.
بەڵێ ئێره‌ کوشتارگەی غەززەیە، کوشتارگەیەک کە مۆری خوێناویی جیهانی ڕۆژئاوای بە ڕابەری ئەمریکا و جێنشینەکەی، واته‌ ئیسرائیل و بەهاوکاریەکانی حکومەتەکانی ئەوروپا لەجەستەی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه داوه‌‌، لە شەقام و قوتابخانە و ئۆردوگای پەنابەران و ئۆفیسی ڕۆژنامەنووسان و ماڵی چەند ملیۆن کەس و کێڵگە و شاخ و دەشت و...هتد. لێرەدا ئیتر یاسای "جیهانی شارستانی دیموکراسی بازاڕی ئازاد" جێبەجێكراوه‌! لێرەدا غەززە وێرانکراوه‌، شوێنێکە کە هەموو بوونەوەرێکی زیندووی تیا دەکوژرێت بۆ ئەوەی نەیارانی ئەم بەربەرییەتە لە هەموو جیهاندا، لە ئەوروپا و ئەمریکا، لە تیرۆر و ترسدا بخنکێن. بڕیارە ئەم بەربەرییەتە هەموو کەس و هەموو ویژدان وهوشیارییەک،دەربرینی هه‌مووهەستێکی نەفرەت و هەر  خواستێکی عه‌داله‌تخوازانه‌ و ئینسانی لە سەرانسەری جیهاندا و لە خودی ڕۆژئاوادا بکوژێت و ناچاری بکات بە بێدەنگی و تەسلیمبوون.
سەرکردە و فەرماندەکانی ئەم تاوانە تەنها لە ئیسرائیلدا نین، ئەنجامدەرانی سەرەکی ئەم جینۆساید و دڕندەییە لەقامەتی سەرۆک کۆمار وشاو فەرمانڕەوا ووەزیر وپەرلەمانتارەکاندالەواشنتۆن و لەندەن و بەرلین و پاریس و...دا خۆی نیشانداوه‌.  بەڵام "نەیارانی" ئەم کوشتارە بەکۆمەڵە،لە چین و ڕووسیاوە تا سعودیە و ئێران و قەتەر و ...هتد،كه‌ "لایەنگرانی" درۆزنی خەڵکی بێتاوانی فەلەستینن تاوانبارن، چونكه‌ ڕەخنەی نیوەناچڵ لە قەبارەی دڕندەیی ئیسرائیل و ئەمریکا وئەوروپا ده‌گرن و ئەو کوشتن و تاوانانەی دەرهەقبەچەند ملیۆن خەڵکی بێتاوان کراوە، كردۆته‌دەستمایەی بردنی بەشی هه‌رچی زیاتر لە دابەشکردنەوەی دەسەڵات لەجیهاندا ووەرگرتنی ئیمتیازات لەوڵاتانی ئەوروپا. دەستی هەموو زلهێزەکانی جیهان و ناوچەکە بە خوێنی خەڵکی فەلەستین سورە.
ئەمە جینۆسایدێکی ڕونوئاشکرایە کەتێیداخەڵکی فەلەستین تاکە قوربانییە، له‌ ڕاستیدا ئه‌مه‌ شەڕێکە لەدژی بەشەریەتی موتەمەدین، لەدژی دادپه‌روه‌ری ومرۆڤایەتیە لە سەرانسەری جیهان و لە خودی ڕۆژئاوادا، به‌ پاساوی حەماس! ئەم شەڕە بۆ ملکەچ پێکردنی ئەو خەڵکەیە کە لە دژی مه‌كینه‌ی جەنگی ئەمریکی و ڕۆژئاوا هاتونه‌ته‌ مه‌یدان.
ئەم شەڕە دژی بەئاگابوونەوەیەکی گشتی و جیهانییە لە بەرامبەر دەیان ساڵ جەنگ و خوێنڕشتن و پڕوپاگەندەی جەنگی و میلیتاریزم و ئاپارتاید و کۆمەڵکوژی لە سەرانسەری جیهاندا. ئەو بەئاگاهاتنەوەیەی کە ئەمڕۆ بەرامبەر بە جینۆسایدی خەڵکی فەلەستین لەلایەن حکومەتی فاشیستی ئیسرائیل و بەهاوڕێیەتی و بەشداری وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە ئەوروپا و ئەمریکادا سەری بەرزکردۆتەوە، هەموو هاوکێشە مێژووییەکان و یاسا و ڕێساكان کە هەبووە وئارامیی ده‌سه‌ڵاتدارانی پووچەڵ کردووەتەوە. ئەم شەڕە دژی ئێمەیە، ئێمەی دژبەتاوان، ئێمەی دژبەڕەگەزپەرستی و بۆمباباران و کۆرپەکوژی و دڕندەیی، ئێمەی دژی بەجینۆساید و هۆلۆکۆستی جیهانی سەرمایەداری.
یانەی تاوانبارانی جەنگ مه‌گه‌ر ئەم ئاواتە نه‌گریسه‌ به‌ خه‌و ببینن‌. ئەمڕۆ چیتر سەردەمی شەڕی ڤێتنام نییە، سەردەمی هێرشکردنە سەرخەڵکی ئەفریقا و کوشتن و تاوانکاری بەرامبەریان نییە. سه‌رده‌می لە مەیداندابوونی بۆش و بلێر و کوشتاری فراوانی نەخشەمەندانەی خەڵکی عێراق لەپێناو "فراوانکردنی دیموکراسی" نییە. سه‌رده‌می کوشتنی خەڵک نییە لە ئەفغانستان بەناوی "شەڕکردن لە دژی تیرۆریزم". سه‌رده‌می "دەستێوەردانی مرۆڤدۆستانە" لەژێر ناوی "یارمەتیدانی شۆڕش" لە سوریا و لیبیا و کوشتنی سەدان هەزار کەس و بێ ماڵ و حاڵکردنی سەدان ملیۆن کەسی نییە. ئەمڕۆ لاپەڕەکی تر هەڵدراوەتەوە وخەڵکی عەدالەتخواز و مرۆڤدۆست، چیتر خه‌ڵكانێك نین كه‌ پێشتر ترس بەسەریاندا زاڵ بوو! ئەم کۆشکی درۆ و دووڕووییەی دەوڵەتانی "شارستانی"ی ڕۆژئاوا بە "دیموکراسی ڕۆژئاوایی" و "دەنگدان" و "مافی مرۆڤ" لە مێژە ڕووخاوە. ئەو واقعیەتەی کەبەرگری کردن لە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئازادی تاکەکەسی و مافی ناڕەزایەتی و ئازادی ڕادەربڕین،ڕووبه‌ڕووی قەڵغانی ئاسنینی "دەوڵەتە دیموکراسیەکان" لە ڕۆژئاوادا دەبێتەوە، ڕووی ڕاستەقینەی "دیموکراسی ڕۆژئاوا"ی لەسەر ئه‌رزی واقعنیشانی هاوڵاتیانی وڵاتانی ڕۆژئاوا داوە و ناوه‌ڕۆكی بێمانای بانگه‌شه‌ی "نوێنەرانی جیهانی موتەمەدنی"، هەرچی زیاتر لە جاران ئاشکرا کردووە. ئەمڕۆ ئەم کۆشکی تاوان و دڕندەیه‌تیه‌لەلایەن "بەشەردۆستان"ەوە خەریکە دەڕوخێت. ئەوە ئەم ترس و دڵه‌ڕاوكێیه‌یحاکمانی جیهانە کە لە لەندەن و واشنتۆن، لە بەرلین، ڕۆما و پاریس، لە تاران، قاهیرە و ڕیاز و لە هەموو شوێنێک کەوتۆتە بەردەم تەحەدای جه‌ماوه‌ر له‌ خوارەوە.
ئەم ڕۆژانە و هاوکات لەگەڵ تاوانەکان لە دژی خەڵکی فەلەستین، هەموو جیهانبۆتەمەیدانێک بۆ دادگاییکردنی فەرمانڕەواکانی ئیسرائیل و ئەمریکا، و ئەوروپا و... ئەمەش بە تاوانی وەحشیگەری و تاوانی سیستماتیکی دژ بە مرۆڤایەتی. ئەمڕۆ چارەنووسی مرۆڤایەتی و ئینساندۆستی و شارستانییەت لەهەموو کاتێک زیاتر لە قوڵایی کۆمەڵگه‌دایە، لە گۆڕەپانە گەورەکانی شارەکانی جیهان و لە ڕیزی ملیۆنان کەسی ئینساندۆستی ئاسیا تا ئەوروپا و ئەفریقا. چارەسەرکردنی کێشەی فەلەستین لەهەرکاتێک زیاتر لە جاران بەستراوەتەوە بە توانا وبڕیار و ئیرادەی هەر ئەم خەڵکەوە. هەروەک ئەوەی کە ئێمە سێ حیزب پێشتر ڕامانگەیاندووە، کەتەنها ڕێگای ئاشتی پایەدار لەم ناوچەیەدا پێکهێنانی دوو دەوڵەتە. بەڵام کۆتایی هێنانی دەستبەجێی ئەم کۆمەڵکوژیە، کۆتایی هێنان به‌ گەمارۆی سه‌ر خەڵکی غەززە و کردنەوەی ڕێگا بۆ هاوکاری مرۆیی سووتەمەنی و خۆراک و دامەزراوە پزیشکییەکان و هه‌روه‌ها پێشگرتن بە تاوانکاریەکانی ئیسرائیل و جێهێشتنی ناوچە داگیرکراوەکان و گەڕانەوەی خەڵکی فەلەستین بۆ سەر ژیانی خۆیان، پێشمەرجی هەر جۆرە ئاشتیەکە لەم ناوچەیەدا،شتێك كه‌ خەڵکی موتەمەدن وئینساندۆست، ڕۆژانە وەک داواکاری بەپەلەی خۆی هاواری بۆ دەکات. ئەمڕۆ جیهان کۆتایی هێنان بە کوشتن و تاوانەکانی ئیسرائیل و جڵەوکردنی مه‌كینه‌ی تاوانکاریەکانی حکومەتە فاشیستیەکەی نەتانیاهۆ و هاوپەیمان و هاوبەشە ڕۆژئاواییەکانی دەخوازێ.
 
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
حیزبی حیکمەتیست(خەتی ڕەسمی)
٣ی نۆڤێمبەری ٢٠٢٣