هێرشی فراوان و لەناکاوی "گەردەلولی ئەقسا"ی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ڕۆژی شەممە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، کە گەورەترین هێرشی سەربازیی هێزە فەلەستینییەکانە لە دوای شەڕی "عەرەب و ئیسرائیل" لە ساڵی ١٩٧٣وە، پانتایی بەرفراوانیەکەی، دەستبەسەرداگرتنی ژمارەیەکی زۆر لە ناوەندی هێزە سەربازییەکانی ئیسرائیل و کۆنترۆڵکردنەوەی بەشێکی زۆر لە ناوچە داگیرکراوەکانی سەر سنووری کەرتی غەززە، نەک تەنها بۆ حکومەتی ئیسرائیل بەڵکو بۆ هەموو جیهان چاوەڕواننەکراو بوو. ئەم هێرشە، گۆڕەپانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی خستە ژێر کاریگەریی خۆیەوە و دیسانەوە کێشەی فەلەستین و پرسی چارەنووسی خەڵکی فەلەستین و داهاتووی ئەم پرسەی خستەوە بەردەم خەڵکی جیهان. ئەم شەڕە، دوای پەرچە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، پێی ناوەتە قۆناغێکی خوێناویتر و کارەساتبارتر.
 بە پێچەوانەی ئەو وێنا درۆیینەوە کە وڵاتانی ڕۆژئاوا و لایەنگرانی حکومەتی ئیسرائیل لە میدیای ڕاستڕەو لە ڕۆژئاوادا بە دەستەوەی دەدەن، هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل زریانێک نەبوو لە ئاسمانێکی بێ هەوردا. شەڕی ئەمڕۆ درێژکراوەی شەڕێکی ٧٥ ساڵەیە کە لە فەلەستین و ناوچە داگیرکراوەکانی لەئارادایە. شەڕێک کە هۆکارە سەرەکییەکەی دەوڵەتی ڕەگەزپەرست و ئاینیی ئیسرائیل و لایەنگرانی ئەوە لە ڕۆژئاوا. شەڕی ئەمڕۆ دەرئەنجامی ناکام مانەوەی پلانەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایە بۆ "چارەسەر"ی کێشەی فەڵەستین و داننان بە مافی خەڵکی فەلەستین بۆ پێکهێنانی حکومەت و وڵاتی سەربەخۆی خۆیان. هەروەها دەرئەنجامی پشتیوانیی کوێرانەی ئەوانە لە تاوانەکانی حکومەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل لە دژی خەڵکی بێتاوانی فەلەستین، پشتیوانیکردن و سەرلەقاندن بۆ سیاسەتەکانی پاکتاوی نەتەوەیی، جینۆساید، سەپاندنی بێ مافیی ڕەها بەسەر خەڵکی فەلەستین، بێدەنگی و لایەنگرییان لە کوشتن، کۆچ، ئاوارەیی، بۆردومانی بەردەوامی کەرتی غەززە و بەقوربانیکردنی هەزاران کەسی بێتاوان، بەناوی مافی ئیسرائیل بۆ "بەرگریکردن لە خۆی".

 لە هەمان کاتدا ئەم شەڕە بەڵگەی بێتوانایی حکومەتە عەرەبییەکانە لە پاڵپشتیکردنی خەڵکی فەلەستین، بەڵگەی خراپ بەکارهێنان و سەوداکردنە بە ئێش و ئازارەکانی ئەم خەڵکەوە بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیاز و سەوداکردن بە ژیانی ئێستا و داهاتووی ملیۆنان پەنابەری فەلەستینی لەسەر مێزی دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل و وڵاتانی ڕۆژئاوادا.

 بە بنبەست گەیشتنی چارەسەرکردنی کێشەی فەلەستین لەلایەن حکومەتەکانی ئیسرائیل و ئەمریکاوە، داخرانی دەرگای ئایندەیەکی گەش بۆ خەڵکی فەلەستین، وازهێنانی حکومەتە عەرەبییەکان لە بەرزکردنەوەی ئاڵای چآرەسەری مەسەلەی فەلەستین (هەرچەندە بە شێوازێکی ڕیاکارانەشبێت) و سەوداکردنیان بە ئایندەی ئەم خەڵکەوە، پەراوێزکەوتنی ڕۆڵی حەماس لەم سات و سەودایانەدا، هەموو ئەمانە و لە جەرگەی سیاسەتە فاشیستییەکانی حکومەتی ئیسرائیل دژی خەڵکی فەلەستین، گوایە ئەمە دەرفەتێکی باش بوو بۆ حەماس بۆ ئەوەی بەناوی بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵکی فەلەستینەوە دەست بۆ هێرشێکی لەو شێوەیە ببات. ئەم هێرشە، بەم قەبارە و پانتاییەوە، لەدژی یەکێک لە پڕچەکترین سیستەمە ئەمنی-هەواڵگری و سەربازییەکانی جیهان، دەرفەتێک بوو بۆ ئەوەی: یەکەم، حەماس جارێکی دیکە خۆی وەک تاکە هێزی "پشتیوانی" خەڵکی فەلەستین بناسێنێت و دووەمیش، بۆ ئەوەی پێگەی لەدەستچووی پێشووی خۆی وەک هێزێک کە ناکرێت لە دانوستانەکاندا لەبەرچاونەگیرێت، دووبارە بەدەستبێنێتەوە. مەبەست لەم هێرشە، بە پێچەوانەی بانگەشەی حەماسەوە، وەڵامدانەوەی هێرشە فاشیستانەکانی حکومەتی ئیسرائیل نییە بۆ سەر خەڵکی فەلەستین، بەڵکو بەدەستهێنانەوەی پێگەی لەدەستچووی حەماسە لە نێو خەڵکی کەرتی غەززە و لە هاوکێشەی نێوان هێزەکان لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا.

 ئەوەی هێرشی ئەم جارەی حەماس لە شەڕەکانی پێشوو جیادەکاتەوە، مەودا و فراوانیی ئەم هێرشە و لەرزۆکیی سیستەمی سەربازی-ئەمنی ئیسرائیلە، بەڵام خاڵێکی لەمەش گرنگتر هەلومەرج و هێزهاوسەنگی نوێیە لە ئەمڕۆی جیهان و ناوچەکەدا. هەلومەرجێکی نوێ کە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی بریتین لە: لاوازبوونی دەسەڵاتی ئەمریکا لە جیهان و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆتایی هاتنی سەردەمی ملهوڕیی بێڕەقیبی ئەم وڵاتە و سیاسەتە میلیتاریستیەکانی ئەو و هاوپەیمانەکانی لە جیهاندا، سەرهەڵدانی زلهێزی تر و پێکهاتنی جیهانێکی فرە جەمسەری. هەلومەرجێکی نوێ کە مەسەلەی دووبارە دابەشکردنەوەی جیهان و دابەشکردنەوەی پشکی زلهێزە جیهانی و ناوچەییەکانی هێناوەتە ئاراوە. لاوازبوونی پێگەی ئیسرائیل لە ناوچەکە و ناکام مانەوەی سیاسەتی "ئیسرائیل-سەنتەر"ی ئەمریکا یەکێکە لە دەرئەنجامەکانی ئەم بارودۆخە نوێیە. لەپاڵ ئەمەشدا ناڕەزایەتی بەشەرییەتی شارستانی بە تاوانەکانی ئیسرائیل و کوشتنی ڕۆژانەی خەڵکی فەلەستین، ناڕەزایەتی بەرامبەر به ئاپارتایدی نەژادی له ئیسرائیل و سەرەنجامیش خواستی چارەسەری یەکجاریی پرسی فەلەستین و پێکهێنانی دوو دەوڵەت، ئەمانە ئەو بارودۆخەن کە حەماس زۆرترین سوودی لێوەرگرتوون بۆ باشترکردن و بەدەستهێنانەوەی پێگەی لاوازبووی خۆی.
 لە لایەکی دیکەوە حکومەتی نەتانیاهۆ زۆرترین سوود لەم شەڕە وەردەگرێت بۆ بەهێزکردنی پێگەی لەرزۆکی خۆی لە ناوخۆی ئیسرائیل، بۆ پەرەدان بە ڕق و کینەی نەتەوەیی و هێرشی زۆرتر بۆ سەر خەڵکی فەلەستین بە ناوی مافی بەرگری لە خۆکردن، هەروەها بۆ بەهێزکردنی هێزە ڕاستڕەو و فاشیستەکان لە ئیسرائیلدا.

پەرچە هێرشی ئیسرائیل بە ناوی "تۆڵەسەندنەوە لە حەماس"، بۆردومانی بەرفراوانی کەرتی غەززە، کوشتنی خەڵکی بێتاوان، وێرانکردنی ناوچەکانی نیشتەجێبوون، قوتابخانە، نەخۆشخانە و کەمپەکانی پەنابەران، گەمارۆدانی تەواوەتی کەرتی غەززە و بڕینی ئاو، کارەبا، سووتەمەنی، نان، دەرمان و پێداویستییەکانی ژیانی نزیکەی دوو ملیۆن کەس کە لەم ناوچەیەدا گیریان خواردووە، ئامادەکاری بۆ هێرشی زەمینی و داگیرکردنی تەواوەتی کەرتی غەززە و کۆمەڵکوژی یان ئاوارەکردنی دانیشتوانی کەرتی غەززە، ئەمانە بێگومان تاوانی جەنگن لە دژی خەڵکی فەلەستین. حکومەتەکانی ڕۆژئاوا هاوکار و شەریکە تاوانی حکومەتی ئیسرائیلن لەم تاوانانەدا کە بە پاڵپشتی بێدرێغ و بێ مەرج و هاوکارییە سەربازی و داراییەکانیان بۆ حکومەتی ئیسرائیل، بە بڕینی هاوکارییە داراییەکانی خۆیان بۆ خەڵکی فەلەستین، ئاسانکارییان بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانە و سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی دانیشتووی کەرتی غەززە کردووە. هەروەها میدیا ڕاستڕەوەکانی ڕۆژئاوا، ئەم دەزگایانەی درۆ پەخشکردن، شەریکە تاوانی حکومەتی ئیسرائیلن کە بە پڕوپاگەندە قێزەونەکانیان پاساو بۆ تاوانەکانی حکومەتی ئیسرائیل لە دژی خەڵکی فەلەستین دەهێننەوە و وەک بەشێک لە ماشێنی جەنگیی ڕۆژئاوا و ئیسرائیل، دەهۆڵی شەڕ و کوشتاری زیاتر لێدەدەن.
 حیزبی حیکمەتیست (هێڵی فەرمی) وێڕای دەربڕینی بێزاری لەم دڕندەیی و تاوانە، چ لە لایەن ئیسرائیل و چ لە لایەن حەماسەوە، هەروەها ئیدانەکردنی سیاسەتی شەڕانگێزانەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ناردنی هێزی سەربازی بۆ ئیسرائیل، بانگەوازی بەرەی بەشەرییەتی شارستانی دەکات بۆ کۆتایی هێنان بەم شەڕە و پشتیوانیکردن لە خەڵکی بێبەشی فەلەستین و لە مافی ژیانێکی ئارام بۆ ئەم خەڵکە، هەروەها جەخت لەسەر ئەم داواکاریانەی خوارەوە دەکاتەوە:
  • ئاگربەست و کۆتایی هاتنی دەستبەجێی شەڕ لە هەردوولاوە!
  • کۆتایی هێنانی دەستبەجێ بە گەمارۆی ئابووری سەر خەڵکی کەرتی غەززە، بڕینی ئاو و کارەبا، نان و سووتەمەنی!
  • ناردنی دەستبەجێی هاوکاری پزیشکی و داوودەرمان و خۆراک و... بۆ خەڵکی کەرتی غەززە!
  • کۆتاییهێنان بە فەزای شەڕ و بە سەربازیکردنی ناوچەکە، کشانەوەی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا و هێزی سەربازی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ناوچەکە!
  • کشانەوەی دەستبەجێی ئیسرائیل لە ناوچە داگیرکراوەکان و گەڕانەوەی خەڵکی فەلەستین بۆ شوێنی کار و ژیانی خۆیان و وەستاندنی هەرجۆرە هەڕەشەیەک لە دژی ئەوان!
 
ئەمانه هەنگاوی یەکەمن بۆ دۆزینەوه و مەیسەرکردنی ڕێگەچارەی یەکجاری و ڕیشەیی پرسی فەلەستین، واته داننان به  هەردوو دەوڵەتی سەربەخۆی ئیسرائیل و فەلەستین.
تاکە ڕێگەی کۆتایی هێنان بە شەڕ و کوشتار و جینۆساید و تیرۆر و وێرانکاری و... هتد، تاکە ڕێگەی کۆتایی هێنان بە سوود وەرگرتن و خراپ بەکارهێنانی قڵشتی نێوان خەڵکی ئیسرائیل و فەلەستین لەلایەن حکومەتی ئیسرائیل و حەماس و حیزبوڵا و... هتد و کۆتایی هێنان بە ڕۆڵی تاوانکاریی ئەم هێزانە، تاکە ڕێگەچارە بۆ ئاشتی بەردەوام و کۆتایی هاتنی هەموو ئازارەکانی خەڵکی فەلەستین پێکهێنانی دوو حکومەتی سەربەخۆیە.
 
حیزبی حیکمەتیست (هێڵی فەرمی)
10 تشرینی یەکەمی 2023