بەدوای ڕێککەوتنی نێوان حەماس و ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشممە ١٩ی جەنیوەری ٢٠٢٥، قۆناغی یەکەمی ئاگربەست لە غەززە دەستیپێکرد. ئاگربەستێک کە بڕیارە به‌ سێ قۆناغدا تێبپه‌ڕێت، لەوانەش سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییەکان و دوو هەزار بارمتەی فەلەستینی ئازادبکرێن، هەروەها ڕێگەی گه‌یاندنی یارمەتیه‌كان بۆ خەڵکی غەززە بکرێتەوە و سوپای ئیسرائیل لەم  قۆناغانەدا لە غەززە بکشێتەوە و پەنابەرانی فەلەستینی بگەڕێنەوە شار و گوندەکانیان و ئاوەدانکردنەوەی غەززە دەست پێبکات. تا ئێستا ته‌نها لەسەر قۆناغی یەکەمی ئه‌م نه‌خشه‌یه‌ ڕێکەوتنی تەواو کراوە.

لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئاگربەست و وەستانی بۆردومانەکان و کوشتاری خەڵکی فەلەستین، کە تا دوا ساتەکان بەردەوام بوو، شەپۆلێکی شادی و خۆشی سەرانسەری فەلەستینی گرته‌وه‌. خۆشی و شادی لەبەرامبەر وه‌ستانی گرمه‌ و ناڵه‌ی بۆمبهاوێژەکان و ته‌قاندنی بۆمب و مووشەك کە لە زەوی و ئاسمانەوە بە وێرانکەرترین چەکی کۆمەڵکوژ، منداڵان و خەڵکی فەلەستین، کە بێ هیچ پەناگەیەک و بەبرسێتی و هەژاری لە نیو وێرانەکانی کەرتی غەززەدا بوون، بێڕه‌حمانه‌ ئه‌یكردنه‌ ئامانج و گیانیان لەدەستدەدا. کۆمەڵکوژییەک کە بەدرێژایی ١٥ مانگ، بوو بە یەکێک لە خوێناویترین تاوان و جینۆسایدەکانی مێژووی مرۆڤایەتی کە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکا و ئینگلتەرا و هاوپەیمانەکانیانەوە ئەنجامدرا. کوشتاری بەکۆمەڵ و پاکتاوکردنێک کە لە ئەنجامدا ٥٦ هەزار کوژراو و ١١٠ هەزار بریندار و بێسەروشوێن بوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارەبونی چەند ملیۆن کەسی فەلەستینی و وێرانکردنی سەرتاسەری کەرتی غەززە و هه‌روه‌ها کوژران و برینداربوونی هەزاران کەس لە کەرتی ڕۆژئاوای لێكه‌وته‌وه‌. ١٥ مانگ کە غەززەی کردە گەورەترین قەسابخانەی جیهان، كه‌ قەسابەکانی لە دەستەی فەرمانڕەوای ئیسرائیل، بەرەسمی ڕایانگەیاندبوو تا كوشتنی دواهەمین فەلەستینی بەردەوامدەبن. تاوانێک کە دەکرا هەر لە سەرەتاوە کۆتایی پێبهێنرێت، بەڵام پشتیوانی بێدرێغ و ڕاستەوخۆی وڵاتانی ڕۆژئاوا و له‌سه‌روویانه‌وه‌ ئەمریکا، ڕاگرتنه‌كه‌ی كرده‌ مەحاڵ.
ئەمڕۆ دوای ١٥ مانگ لە تاوانکاری، ئیسرائیل ناچار بوو بە ئاگربەست ڕازی بێت و بەبێ ئەوەی بە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی خۆی گەیشتبێت، دەستهەڵبگرێ و مل بە ڕاگرتنی هێرشەکانی بدات. سەرەڕای ئەوەی کە هیچ گەرەنتییەک بۆ جێبەجێکردنی قۆناغەکانی داهاتووی ئەم پلانە و دەستپێنەکردنەوەی کوشتن و بۆردومانی خەڵکی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە نییە، و سەرکردەکانی ئەم وڵاتە بە فەرمی ئه‌مه‌یان ڕاگەیاندووە، بەڵام خودی قبوڵکردنی بڕیاری ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیلەوە، قبوڵکردنی ناکامی و شکستی حکومەتی فاشیستی ئیسرائیلە چ لەڕووی سەربازی و چ لە ڕووی سیاسییەوە. تەنانەت خودی ڕاگەیاندنی ئاگربەست بۆ خۆی نیشانەی شکستێکی ئابڕوچوانەیە نەک تەنها بۆ حکومەتی ئیسرائیل، بەڵکو بۆ هەموو ئەو حکومەتانەی بەرگری لەم تاوانکارە دەکەن و هاوبەشی حکومەتی ئیسرائیلن لە تاوانەکانیدا دژ بە مرۆڤایەتی.
١٥ مانگی ڕابردوو، جیهان شایەتی ململانێیەکی گەورەی نێوان خەڵکی موتەمەدینی جیهان و حکومەتی ئیسرائیل و هاوبەشە ڕۆژئاواییەکانی بوو کە لە دژی بەربەرییەت و جینۆساید و تاوانە جەنگییەکانیان و بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی فەلەستین، هاتەمەیدانەوە. لەم ١٥ مانگەدا دەیان هەزار کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی گەورە، مانگرتنی کرێکاری، ناڕەزایەتی خوێندکاران و...هتد. لە هەموو جیهاندا، بە تایبەت لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، لە واشنتۆن و لەندەنەوە تا پاریس و بەرلین و... هی تر لەئارادابوو. داوای کۆتایی هێنانی دەستبەجێ بە کۆمەڵکوژیی خەڵکی فەلەستین، ڕاگرتنی دەستبەجێی هاوکارییە سەربازی، هه‌واڵگری، سیاسی، دارایی و پڕوپاگەندەییەکان بە ئیسرائیل، بایکۆتکردنی ئیسرائیل و دادگایی کردنی سەرکردەکانی، پێکەوە لەگەڵ سەرانی "دڵسۆزی" وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و جینۆساید، بەشێک لە خواستەکانی ئەم خەڵکە بوو.  ١٥ مانگێک کە سەدان ملیۆن کەس هاتنەمەیدان و په‌رده‌یان له‌سه‌ر ڕوخساری دزێوی ده‌وڵەتانی ڕیاکاری "دیموکراسی" ڕۆژائاوایی و لافلێدانیان بە "دیموکراسی و مافی مرۆڤ و شارستانیەتی ڕۆژئاوا" هه‌ڵماڵی و وەک بکوژی منداڵانی فەلەستینی و قەسابانی دەیان هەزار کەسی بێتاوان، بە جیهانیان ناساند و داوایانکرد دادگایی بکرێن.
ڕازیبوونی ئیسرائیل بە ئاگربەست و دەستهەڵگرتنی لە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی، لە پلانە ترسناکەکەی، واتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێی دەستەی دەسەڵاتدارە فاشیستەکەی، کە تێیدا هیچ شوێنەوارێک بۆ فەلەستین نامێنێته‌وه‌، سەربەخۆ لە هەر فاکتەرێکی دیکە، دەرئەنجامی وەستانەوە و به‌رده‌وامیدان به‌ فشارهێنانی سەدان ملیۆن کەسی ئاشتیخواز و لایەنگری خەڵکی فەلەستین بوو. بەپێچەوانەی بانگەشەی بێ شەرمانەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و پێدانی مەدالیا بە یەکتری كه‌ گوایه‌ ئه‌مان ئامڕازێکی گوشارن بۆ ئەم ئاشتییە و هۆکاری کۆتایی هێنان بە شەڕ، سەرۆکی ئەم دەوڵەتانە و بانگەشەکارانی "ئاشتی"، هەمان ئەو تاوانبار و بکوژانەن کە لە ژێر فشاری ڕای گشتیدا کەوتوونەتە سەر ئەژنۆ. هەروەها بە پێچەوانەی هاتوهاواری وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە، لە ئێرانەوە تا تورکیا، کە لە پێناو گەیشتن بە ئامانجە کۆنەپەرستانەکانیان لە ناوچەکەدا، ڕیاکارانە بەرگری لە خەڵکی فەلەستین و ئازادییەکەی دەکەن و ڕۆڵی خۆیان لە گوشارهێنان بۆ قبوڵکردنی ئاگربەست بەرجەستەدەکەنەوە، ئەوە ئەم بزووتنەوە ئینسانیە قوڵەی خەڵکی جیهان بوو کە فاشیستەکانی ئیسرائیلیان هێنایە سەر ئەژنۆ.
ئەمڕۆ خەڵکی ئاشتیخواز و موتەمەدینی جیهان نەک تەنیا مافی خۆیانه، لەو ڕۆشناییەی کە هەرچەندە کاتی و بچوکیش بێت بۆ ڕاگرتنی کوشتار و تاوانکاریەکان لە دژی خەڵکی فەلەستین دڵخۆش بن، بەڵکو به شانازی و متمانه بەخۆبوونه‌وه‌ خەباتی خۆیان لەپێناو کۆتاییهێنانی یەکجاری بە جەنگ و داگیرکردنی فەلەستین، ئاوەدانکردنەوەی غەززە و دابینکردنی ئیمکاناتی ژیان، گەڕاندنەوەی ئارامی و ئاسایش بۆ ئەم ناوچەیە و لغاوکردنی حکومەتی فاشیستی ئیسرائیل و دادگاییکردنی هەموو تاوانباران و ئەنجامدەرانی ئەم دڕندەیه‌تیه‌، درێژەپێبدەن .
ڕاگەیاندنی ئاگربەست و ڕاگرتنی کوشتاری خەڵکی فەلەستین، هێشتا سەرەتای کارە. هێشتا دەیان هەزار کەس لە ژێر داروپەردوودا ماون، هەزاران زیندانی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا هەن کە دەبێت ئازاد بکرێن. کەرتی غەززە، کە لەژێر بۆردومانە بەرفراوانە ئیسرائیلی_ئەمریکیه‌كاندا وێران بووە و هەموو ئیمکاناتێکی ژیانکردن و ئاسەوارێکی شارنشینی، وەک ڕێگاوبان، ئاو، ناوەندی پیشەسازی و ژێرخانی ئابووری، لەوانەش قوتابخانە، باخچەی ساوایان، بنکە تەندروستییەکان و... یەکسان کراون به‌ خاك، دەبێت سەرلەنوێ بنیات بنرێتەوە. هێشتا پرسی فەلەستین و ڕزگاری خەڵکی فەلەستین لە دەسەڵاتی فاشیستی ئیسرائیل و ئاسایش و خۆشگوزەرانی و ئازادییان، وەک ئەرکێک لە ئەستۆی بەشەریەتی موتەمدین و ئینساندۆستدایە.
ئەمڕۆ دوای ١٥ مانگ لە ناڕەزایەتی و خەباتی بەشەریەتی موتەمەدین بۆ بەرگری لە خەڵکی فەلەستین، بەرەیەکی جیهانی پێكهاتووه‌ و ڕایدەگەیەنێت کە جیهان تەنیا مەیدانێک نییە بۆ حکومەتە کۆنەپەرستەکان و تاوانبارانی جەنگ. بەرەیەک کە ئەمڕۆ لە ئەمریکا و ئەوروپاوە تا ئەفریقا و ئاسیا دەیەوێت کۆتایی بە دڕندەیی، فاشیزم و ڕەگەزپەرستی، داگیرکاری و میلیتاریزم، شەڕی نەتەوەیی و ئایینی و ناسیۆنالیستی بێت.
بەداخەوە خەڵکی فەلەستین لەم قۆناغەدا باجێکی یەکجار زۆریدا، بەڵام ڕاوەستاوی خەڵکی فەلەستین و پشتیوانی جیهانی بۆ ئەم خەڵکە، دەستکەوتێکی گەورەی بۆ ئەم بەرەیە هێناوەتەئاراوە. لەئێستاشدا پاشه‌كشه‌كردن به‌ ئیسرائیل و شکست پێهێنانی لەبەردەم ئەم بەرە ئینساندۆستەدا و ناچارکردنی بە ڕازیبوون بە ئاگربەست، هەروەها گۆشەگیرکردنی لەسەر ئاستی جیهاندا، بێئابڕوکردنی هاوبەشەکانی ئیسرائیل و هەموو وڵاتانی کۆنەپەرست و بێئیعتبارکردنی هەموو دامەزراوە و دەسەڵاتە نێودەوڵەتییەکان و بانگەشەکەرانی درۆزنانەی شارستانیەت و مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی و... گۆشەیەکن لەم واقعیەتە.
ئەم ڕاستیانە جارێکی دیکە ئەوەی بەم بەرەیە نیشانداوەتەوە کە دابینکردنی ئاشتی و گەڕاندنەوەی مافی ژیان بۆ خەڵکی فەلەستین و هەروەها دابینکردن و دەستەبەرکردنی سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهاندا، تەنیا پەیوەستە بە ڕۆڵی ئەم بەرەیە و بزووتنەوەکەیەوە، بە ڕۆڵی چینی کرێکاری جیهانی و هاوپشتیه‌ نێودەوڵەتیەکەیەوە، کە لەم قۆناغەدا پێكهاتووه‌. ئەم بەرەیە تاکە ئومێدە بۆ خەڵکی بێبەشی فەلەستین بۆ گەیشتن بە ئازادی. کاری ئەم بەرەیە و خەڵکی فەلەستین لەپێناو شکست پێهێنانی یەکجاری ئیسرائیل و هەڵگرتنی دەستی تاوانبارانی جەنگ لەسەر سەری خەڵکی فەلەستین و بەده‌ستهێنانی ئازادییان هێشتا کۆتایی نەهاتووە، ئەمە سەرەتای کارەکەیە.

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
حیزبی حیکمەتیست (خەتی ڕەسمی)

٢١ی جەنیوەری/ کانونی دووەمی ٢٠٢٥