بەیاننامەی ٣ حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ناوچەکە:

نزیکەی ٢٢ مانگ بەسەر کۆمەڵکوژی هەمەلایەنەی خەڵکی فەلەستین، لەلایەن حکومەتی فاشیستی ئیسرائیلەوە تێدەپەڕێت. ٢٢ مانگێک کە کۆمەلگای مرۆڤایەتی جگە لە داگیرکردن و ئاوارەکردنی خەڵکی فەلەستین، بینەری یەکێک لە ترسناکترین کۆمەڵکوژییەکانی مێژووی مرۆڤایەتی بووە دژ بە چەند ملیۆن کەس، کە لە زەوی و ئاسمانەوە ڕووبەڕووی تیرۆر و برسێتی و تینوێتی، بۆردومان و وێرانکردنی شار و گوندەکان، باخچەی ساوایان و قوتابخانەکان، نەخۆشخانەکان و هەموو شوێنەوارێکی شارستانی مرۆڤ و هۆیەکانی ژیانکردن و تیاچوونی بەکۆمەڵی خۆیان بوونەتەوە. ٢٢ مانگێک کە غەززە کوشتارگەو قەسابخانەیەک بووە و زورترین قوربانیەکانیشی منداڵان بوون.

ئەم بەربەرییەتە، کە هەزارجار ڕووی هیتلەر و نازییە ئەڵمانییەکانی سپیکردۆتەوە، ئەگەر لەسەرەتادا بێشەرمانە بە "شەڕ دژی حەماس" و "بەرگریکردن لە خودی ئیسرائیل" ناوزەد کرابوو، ئێستا بەپەسەندکردنی سیاسەتی داگیرکردنی هەموو ئەو ناوچە فەلەستینانەی، کە لە کەرتی غەززەوە تا کەنارەی ڕۆژئاوا، ماونەتەوە و پاکتاوی ئەتنیکی خەڵکی فەلەستین، لەلایەن حکومەت و پەرلەمانی ئیسرائیلەوە، ئیتر کەمترین جێگای بۆ گومان و خۆشخەیاڵی، سەبارەت بە سیاسەتە فاشیست و نامرۆڤەکانی حکومەتی ئیسرائیل، تەنانەت لە نێو دواکەوتووترین توێژەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا نەهێشتۆتەوە. پلانێک کە ماوەی ٧٧ ساڵە بە کوشتن و ئاوارەکردنی خەڵکی فەلەستین و داگیرکردنی ناوچەی زیاتر و لکاندنی بە ئیسرائیلەوە جێبەجێ دەکرێت و ئەمڕۆ وەک یەکەم هەنگاوەکان لەسەر ڕیگای پلانی "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ" کە ئیسرائیل تێیدا سەنتەربێت، بەرەوپێش دەبرێت. پلان و سیاسەتێک کە جگە لە خەڵکی فەلەستین، خەڵکی لوبنان و سوریا، بە تیاچونی ژیان و کوژرانی بەکۆمەڵیان لەلایەن بۆمبەکانی ئیسرائیلەوە باجی بەدیهاتنی دەدەن. پلانێک کە هێرشکردنە سەر ئێران و فراوانکردنەوەی جەنگ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یەکێک لە لێکەوتەکانیەتی. .

ئیسرائیل لە مێژووی پڕ لە تاوانکاری خۆیدا، هەمیشە وەک باڵی چەکداری ڕۆژئاوا و بە پشتبەستن بە میلیتاریزمی وڵاتانی ڕۆژئاوا، بە بەپشتگیری حکومەتی ئەمریکا، بەبێ هیچ  سنورێك و بەبێ پابەندبوون بە هیچ یاسا و پێوەرێکی نێودەوڵەتی، وەک شەڕخوازترین دەوڵەت هەلسوکەوتی کردووە و لەپشتیوانی تەواوی ئەم وڵاتانە بەهرەمەند بووە و هەمیشەش خەڵکی فەلەستین یەکەمین قوربانی تاوانەکانی بووە.

دەوڵەتی ئیسرائیل لەپاڵ پشتیوانی هێزە کۆنەپەرستە ناوچەیی و جیهانیەکاندا، بەدرێژایی ئەم ٢٢ مانگە لە تاوانکاری، بۆ جێبەجێکردنی پلانە قێزەونەکانی روبەرووی بەربەستی جدی بوەتەوە. بەربەستە سەرەکیەکە ئەو بزووتنەوەیەیە کە لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکانەوە بۆسەر کەرتی غەززە، هەنگاوی ناوە و لە ماوەی ئەم ٢٢ مانگەدا، لەگەڵ زیادبوونی کوشتارە بەکۆمەڵەکانی خەڵکی فەلەستیندا، ئەمیش زیاتر بەهێزتر و جیهانی بۆتەوە و ئیسرائیل و پارێزەرانی ڕوبەڕووی ئاستەنگی گەورە کردۆتەوە. بزووتنەوەی بەرگری لە خەڵکی فەلەستین ئێستا بووەتە پەنجەرەیەک بۆ بینینی وێنەیەکی گەورەتری ئەو جیهانەی کە سیستەمی سەرمایەداری هاوتای هەژاری و بێبەشی، ڕاسیزم و نەژادپەرستی، شەڕ و میلیتاریزم، کوشتارو تاوانکاری و تیرۆریزمی دەوڵەتی، نەبوونی ماف، زەوتکردنی ئازادی تاکەکەسی، مەدەنی، کۆمەڵایەتی و سیاسی لەگەڵ دیکتاتۆریەتێکی قێزەون و توندوتیژ لەژێر ناوی دیموکراسیدا، بێپەردە خستۆتەبەردەم مرۆڤایەتی موتەمەدینەوە. بەرگریکردن لە خەڵکی فەلەستین لەم وێنەیەدا و بۆ ئەم بزووتنەوەیە، گۆشەیەکە لە نا ووتن بە بەربەرییەتی ئەم سیستەمە و بەرگریکردنە لە دەستکەوتەکانی چینی کرێکار و بەشەریەتی مرۆڤدۆست و ئاشتیخواز، دژ بە پەلامارەکانی ئەم سیستمە بەڕابەری دەولەتانی ڕۆژئاوا.

دەوڵەتی ئیسرائیل لە هیچ سەردەمێکی تەمەنی خۆیدا، ئەوەندەی ئێستا لەگەڵ ڕقی قووڵی جەماوەری ملیۆنی خەلكی جیهاندا بەرەوروو نەبۆتەوە و هەرگیز ئەوەندە گۆشەگیر و لاواز و بێ ئایندە نەبووە. دەستوپێکوتانی ئەمڕۆی دەوڵەتی ئیسرائیل و هەوڵی هەمەلایەنەی بۆ فراوانکردنەوەی شەڕ لە ناوچەکەدا و ڕاکێشانی ئەمریکا و هاوبەشە ڕۆژئاواییەکانی بۆناو ئەم گۆڕەپانە، هەوڵێکە بۆ نۆژەنکردنەوەی  پێگەی لاوازو شکشتخواردی خۆی.

رەهەندە ترسناکەکانی بەربەرییەتە بێکۆتاییەکەی ئیسرائیل بۆ مانەوە، لە جیهانێکدا کەبەشەریەتی موتەمەدین لە دژی هاتۆتەمەیدانەوە، دەولەتانی لایەنگری ئیسرائیلی لەژێر مەنگەنە و فشاردا ناچار کردووە بەوەی کە لەژێرناوی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە "زیادەڕەوییەکانی" دەستەی فەرمانڕەوای ئیسرائیلدا لە بەرلین، لەندەن، پاریس، ڕۆما و.. ڕووی خۆیان سپی بکەنەوەو هەوڵ بدەن وێنای توندوتیژ و کۆنەپەرستانەی خۆیان و ڕۆڵیان لە جینۆساید و پاکتاوکردنی ئەتنیکی خەڵکی فەلەستیدا پەردەپۆشبکەن. ئەم دەولەتانە ناچار کراون بە دەربڕینێکی قێزەونانە "دژایەتی" خۆیان بۆ ئەم ئاستە لە بەربەرییەت ڕابگەیەنن، تا پێگەی لەدەستچوویان وەربگرنەوە و مانەوەی خۆیان لە بەردەم پەلامارەکان و توڕەیی بەشەکانی خوارەوەی کۆمەڵگادا بپارێزن. هەنگاوەکانی ئەم دواییانەی ئەم حکومەتانە و پڕوپاگەندە بێبنەماکانیان سەبارەت بە "داننان بە دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین"دا، هەرچەندە دەرئەنجامی گوشارەکانی ئەم بزووتنەوە جیهانییە و یەکێک لەدەستکەوتەکانیەتی، بەڵام لەهەمانکاتدا لوتکەی ئەوپەڕی دووڕوویی و بێ ئابڕوویی لەڕادەبەدەری ئەم حکومەتانە، لە ئینگلتەرا و ئەڵمانیاوە تا فەرەنسا و ئوسترالیا و هتد.. پشتراست دەکاتەوە.

ئەو دەوڵەتانەی کە هێشتا پارێزەری سەرەکی ئیسرائیلن، ئەو حکومەتانەی کە تەنانەت بۆ ڕۆژێکیش چەک و هاوکاری دارایی و سیخوڕی و دیپلۆماسی و سیاسی و ئیعلامیان بۆ ئیسرائیل نەبڕیوە، ئەمڕۆ بێشەرمانە ڕادەگەیەنن ئەگەر تاوانەکانی حکومەتی ئیسرائیل بەردەوام بێت، ئەوا لە کۆبونەوەی داهاتووی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کە لە مانگی ئەیلولدا دەبەسترێت، بە فەرمی دان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستیندا دەنێن. پڕوپاگەندەیەکی پووچ کە ئەم دەولەتانە هاوکات بۆ "نیشاندانی پێگەو هێزی خۆیان" لەبەرامبەر ئەمریکادا بەکاری دەهێنن. ئەم هەڕەشه پووچ و شەرماوەر و قێزەونانه، له دنیای واقیعدا هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر ژیانی ئەمڕۆی خەڵکی فەلەستین و داهاتووەکەیان نییه. دەربڕینەکانی دەولەتانی ڕۆژئاوا و بەڵێنە پووچەکانیان سەبارەت بە دان نان بەدەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستیندا، لە هەلومەرجێکدا کە هەر هەمویان بەدرێژایی هەموو ئەم مێژووە و تا ئەمڕۆش پشتیوان و هاوبەشی ئیسرائیل بوون لە تاوانەکانیدا، شتێکی بێزارکەرە و سووکایەتیکردنە بەهەستی خەڵکی موتەمەدینی جیهان.  لەروانگەی بزووتنەوەی بەرگری لەخەڵکی فەلەستینەوە، پێویستە زۆرێک لە سەرکردە و سیاسەتمەدارانی ئەم وڵاتانە، لەگەڵ سەرکردەکانی ئیسرائیلدا، لە دادگاکانی خەڵکدا بە تاوانی جینۆساید و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی دادگایی بکرێن. هاوکات ڕیزێکی فراوانتر لە دەولەتانی وەک چین، ڕوسیا، بەرازیل، تورکیا و وڵاتانی عەرەبی کە هەموویان سنگ بۆ "بەرگری لەخەڵکی فەلەستین" دەکوتن، هێشتا پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیلیدا تەنانەت جێگای پرسیار نیە. دەوڵەتانێك کە کوشتاری خەڵکی فەلەستینیان کردۆتە دەستمایە بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیازاتی سیاسی و ئابوری بۆ خۆیان لە کێبڕکێ ناوچەیی یان جیهانیدا، بەهیچ جۆرێک ڕۆڵیان لەم تاوانانەدا کەم ناکەنەوە.

مرۆڤایەتی موتەمەدین و مرۆڤدۆست لەمێژە شەرعیەتی لەحکومەتە دەسەڵاتدارەکانی جیهان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان سەندۆتەوە و درکی بەو ڕاستییە کردووە کە بزووتنەوەی جیهانی بۆ پشتیوانی لەخەڵکی فەلەستین تاکە ئومێدێکە بۆ کۆتاییهێنان بەم تاوان و کوشتوبڕینە و دەستی بەهەنگاوهەڵگرتنی سەربەخۆی خۆی کردوە. بزووتنەوەیەکی جیهانی کە ڕۆژ لەدوای رۆژ فراوانتر دەبێتەوەو بە دەنگێکی بەرزتر لە دژی ئەم بەربەرییەتە و ئەو دەولەتانەی پشتیوانی لەئیسرائیل دەکەن، پێدەنێتە مەیدانەوە. چینی کرێکار لە زۆرێک لە وڵاتان بەتایبەت لە بەندەرەکان و کەرتەکانی بارکردن و گواستنەوەدا، دەستیان بۆ هەنگاوگەلێکی راستەوخۆ، بۆ ڕێگریکردن لە ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل بردوە. خواستی کۆتاییهاتن بە کۆمەڵکوژی و تاوانکاری و برسیکردنی خەڵکی غەززە، پچڕانی پەیوەندییە ئابووری و دیپلۆماسییەکان و وەستاندنی هاوکاریەکانی دەولەتانی ڕۆژئاوا لەگەڵ ئیسرائیل و بایکۆتکردنی ئیسرائیل، ڕۆژانە بە هێزێکی زیاترەوە دەنگ دەداتەوە.

سەرکەوتنی ئەم بزووتنەوەیە پێشڕەویەکی گەورە دەبێت بۆ چینی کرێکار و بەشەریەتی مرۆڤدۆست لە سەرانسەری جیهاندا لە شەڕیاندا لە دژی سیستەمی زاڵی سەرمایەداری. ئەوە تەنها ئیسرائیل و سەرکردە تاوانبارەکانی نین کە لەژێر فشاری ئەم بزووتنەوەیەدا داهاتوویان تاریکتر دەبێت، بەڵکو ئەوە تەواوی سیستەم و نەزمی جیهانی دەسەڵاتدارە بە هەموو جەمسەرەکانییەوە کە لەژێر پێی ئەم بزووتنەوەیەدا خەریکە ستونی فەقەراتی لێکدەترازێ و ووردوخاش دەبێت. هەموو ئەو باوەرو بەهایانەو ئەو دونیا تاریکەی کە ئەم سیستەمە بۆ مرۆڤایەتی دروستکردووە، دەچێتە ژێر پرسیارەوە. ئەم بزووتنەوە ئینسانیە ئەمڕۆ بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی فەلەستین و سبەی بۆ کۆتایی هاتنی شەڕ و میلیتاریزم هەنگاو دەنێت و لەگەڵ هەر هەنگاو و سەرکەوتنێکدا مژدەی لەناوچوونی تەواوی ئەم سیستەمە دەدات.

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان
حیزبی حیکمەتیست (خەتی رەسمی)

22 مورداد 1404 - 13 ئابی 2025