لە هەلومەرجێکدا کە سێبەری جەنگی ئابووری ئەمریکا لەدژی جیهان لەپێناو پاراستنی باڵادەستی خۆیدا، پەرەی سەندووە، لە بارودۆخێکدا کە ملیارەها ئینسان لە سەرانسەری جیهاندا لەگەڵ کاریگەرییە خراپ و وێرانکەرەکانی ئەم جەنگە لەسەر ژیانیان و ترس لە قووڵبوونەوەی نائەمنی ئابووری و هەڵاوسان و گرانی و بێکاری و دەستدرێژی فراوانتری بۆرژوازی بۆ سەر بژێوی و ژیانیان بەرۆکی گرتوون، حکومەتی فاشیستی ئیسرائیل، ئەم دۆخەی بە دەرفەت زانیوە بۆ چڕکردنەوەی جینۆسایدی خەڵکی فەلەستین و بردنەپێشەوەی پلان و سیاسەتە کۆنەپەرستانە و فاشیستیەکەی لە کەرتی غەززە و کەناری ڕۆژئاوا و هێرشە بەرفراوانەکانی بۆ سەر ئەو خەڵکە.

پاش کۆتاییهاتنی خولی یەکەمی ئاگربەست لە کەرتی غەززە، ئاگربەستێک کە سەرەڕای گێرەشێوێنیە بەردەوامەکانی ئیسرائیل و هێرشی ڕۆژانەی سوپا کە هاوکات بوو لەگەڵ هێرشی شارۆچکەنشینە لۆمپەن-فاشیستەکان بۆ سەر کەرتی ڕۆژئاوا، خولی دووەمی ئاگربەستەکە بەهۆی دژایەتی ئیسرائیلەوە بەبنبەست گەیشت. هەر لەو کاتەشەوە تائیستا هێرشە دڕندانەکانی ئیسرائیل دژی خەڵکی بێبەش لە کەرتی غەززە بێ وچان بەردەوام بووە. ئەمجارەش حکومەتی ئیسرائیل نەک هەر ڕێگریکردووە لە ناردنی خۆراک و دەرمان و سووتەمەنی و... هتد. بۆ خەڵکی غەززە، بەڵکو دەستی کردووەتەوە بە بۆردومان و کوشتنی خەڵکی ئاوارە و بێماڵ و حاڵ و پەلامار بۆ سەر نەخۆشخانەکان و پەناگەی پەنابەران و ئامبولانس و کارمەندانی هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕۆژنامەنوسان و چادرەکانیان و ئەو خانووە نیوە ڕووخاوانەی کە خەڵکی بێبەش لە ناچاریدا پەنایان بۆ بردووە، جگە لە سەرلەنوێ بەردەوامبوونی تیرۆرکردن و پاکتاوی نەتەوەیی. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی فەلەستین، لە ١٨ی ئازاری ٢٠٢٤ەوە تا ئێستا نزیکەی هەزار و ٥٠٠ کەس لە کەرتی غەززە کوژراون و زیاتر لە سێ هەزار و ٧٠٠ کەسیش بریندار بوون. بەمجۆرە تاوانەکانی حکومەتی فاشیستی ئیسرائیل لە کەرتی ڕۆژئاوا بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوامە. چاوەڕوانی و هیوای خەڵکی بێبەشی فەلەستین، دوای ١٦ مانگ لە شەڕ و بۆردومان و کوشتن، بۆ کۆتایی هێنان بەم ماڵوێرانیە و کوشتاری خۆیان و منداڵەکانیان لەلایەن دەوڵەتی  قەومی-ئاینی ئیسرائیلەوە، گۆڕا بۆ کابوسێکی دیکە. ئەمڕۆ سەرجەم دانیشتووانی کەرتی غەززە کە نزیکەی دوو ملیۆن کەسن، جگە لە ئاوارەیی و سەرگەردانی لەم کەرتە بچووکەدا و شەو و ڕۆژ لەژێر برسێتییەکی ڕەها و لە ناو ئاگر و خوێندا دەژین، لە ژێر بۆردومانی چڕ و بۆمبای فسفۆر و ‌هێشوییدان، کە بەکارهێنانیان پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

ئەگەر هێرشی حەوتی ئۆکتۆبەر لەلایەن حەماسەوە بیانوویەک بوو بەدەست حکومەتی ئیسرائیلەوە بە پشتیوانی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا، تا خوێناویترین تاوان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دژی خەڵکی فەلەستین ئەنجام بدات، ئەوا دەستپێکردنەوەی کوشتاری خەڵکی فەلەستین و پەکخستنی ڕێککەوتنەکان تەنانەت بۆ نەزانترین و گەمژەترین خەڵکی ڕوون کردۆتەوە کە حەماس بیانووە و جینۆسایدی خەڵکی فەلەستین و کوشتاری هەمەلایەنەیان، حەماس ببێ یان نا، تەنانەت بەبێ ٧ی ئۆکتۆبەر، وەیان بە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە، سیاسەتێکی فەرمیی دەسەڵاتدارە فاشیستەکانی ئیسرائیلە. ئیسرائیل سەربەخۆ لە ٧ی ئۆکتۆبەر و بەبێ گوێدانە بوون و نەبوونی حەماس، لە هەوڵێکی سەرتاسەریدایە بۆ لەناوبردنی خەڵكی فەلەستین و داگیرکردنی ئەو زەویانەی کە بە دەستی ئەو خەڵکەوە ماون. ئەم ئاگربەستە و دانوستانەکان و ڕاگرتنی کوشتنی خەڵک بۆ ماوەی دوو مانگ لەژێر فشاری ناڕەزایەتییە جیهانییەکان و فشاری خەڵکی ئیسرائیلدا بەدیهات کە خوازیاری گەڕانەوەی دیلەکانیان بوون. واتە ئەو ئاگربەستەی کە  دەسەڵاتدار فاشیستەکانی ئیسرائیل کۆتاییان پێهێنا.

دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر خەڵکی فەلەستین و درێژەدان بە بۆردومانکردنی غەززە، پلانەکانی ترامپ و خەونە "زێرینەکانی" بۆ ئەو خەڵکە و دەرکردنیان لە غەززە، هەروەها بەردەوامیدان بە ماڵوێرانی، گرتن، تیرۆرکردن و هێرشی بەردەوام بۆ سەر کەناری ڕۆژئاوا، بە پشتیوانی میدیای فەرمی، هەموو ئەمانە بەشێکن لەو شەڕە تاوانکارییەی لە دژی خەڵکی فەلەستین کە ماوەی ٧٧ ساڵە درێژەی هەیە. پلانەکانی دەسەڵاتدارە فاشیستەکانی ئیسرائیل و قەسابەکانی دەسەڵات بۆ درێژەدان بە شارۆچکەسازی لە کەرتی ڕۆژئاوا، هەوڵدان بۆ داگیرکردنی بەشێک لە کەرتی غەززە و دابەشکردنی ئەم ناوچەیە بەسەر بەشەکانی باکوور و باشوور و داگیرکردن و جێگیرکردنی سوپای ئیسرائیل لەسەر سنووری غەززە و میسر و دانانی بەربەست لە سەرجەم ڕێگاکانی هاتنی هاوکاری و پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەم ناوچەیەدا، هەروەها گەمارۆدانی تەواوەتی خەڵکی غەززە، هەموویان بەشێکن لە پلانێکی فراوانتری ژمارەیەک لەتاوانبارانی جەنگی و هەوساربچڕاو بۆ جینۆسایدی چەند ملیۆن کەس و داگیرکردنی تەواوی فەلەستین.

ئەم قۆناغە لە کوشتار و کۆمەڵکوژی لە فەلەستین، بە بیانووی پەرەسەندنی ململانێ جیهانی و ناوچەییەکان و ملهوڕییەکانی ترامپ و هاوڕێبازەکانی، بە بیانووی هەڕەشەکانی ئێران و لەشکرکێشی بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێکداهەڵپژانەکانی نێوان حکومەتە کۆنەپەرستەکان لە سوریادا، بە بیانووی ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئەوروپا و شەڕی ئۆکرانیا و پڕوپاگەندە جەنگیەکانی ئەوروپا بۆ دڕێژەدان بەم شەڕە، لەدواترینیشیاندا بە بیانووی شەڕی ئابووری بەرفراوانی نێوان ئەمریکا و چینەوە، ئەم کوشتار و کاولکاریەی ئیسرائیل لەلایەن میدیا سەرەکییەکانی جیهانەوە پەراوێزخراوە.

میدیاگەلێک، کە لەژێر فشاری بزووتنەوەی جیهانی بۆ پشتیوانیکردن لە خەڵکی فەلەستین ناچاربوون تەنیا بەشێکی کەم لە تاوانەکانی ئیسرائیل و ناڕەزایەتییە جیهانییەکان دژ بە ئیسرائیل ڕووماڵ بکەن، ئەمڕۆ ئیتر ئەمە بە تەواوی وەلانراوە، تەنانەت بەربڵاوترین ناڕەزایەتییەکانیش دژ بە دڕندەیی ئیسرائیل، لەوانە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، میسر، تونس، مەغریب و هیتر سانسۆردەکرێن.

سەرکردەکانی ئیسرائیل بە فەرمی هەڕەشەی "داخستنی دەروازەکانی غەززە و کردنەوەی دەروازەکانی دۆزەخ"یان ڕاگەیاندوە. غەززە ساڵێک و شەش مانگە لە دۆزەخ ترسناکترە. پرسیار ئەوەیە ئایا ئەم خواستە شومەی مشتێک تاوانباری جەنگ و قەسابەکانی خەڵكی فەلەستین، مشتێک فاشیست و پسپۆڕ لە تاوانکاریدا، بە پشتیوانی و یاوەری و بەشداری ڕاستەوخۆی زۆرێک لە حکومەتەکانی ڕۆژئاوا، دێتە دی؟ ئایا کورە ئینسان سووتێنەرەکانی ئیسرائیل، کە تەنانەت سەعاتێکیش لە سەرانسەری غەززە و تەنانەت لە کەرتی ڕۆژئاواش دانەمرکاونەتەوە، دەتوانن بەردەوام بن لە کوشتن و سووتاندن و لەناوبردنی ملیۆنان کەس بە تاوانی فەلەستینی بوون؟ ئایا بەربەرییەت و تاوانەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا و ئینگلتەرا و هاوپەیمانەکانیان لە دژی خەڵکی فەلەستین و داگیرکردنی خاکەکەیان دەتوانێت، بەبەرچاوی جیهانەوە، هەر بەردەوام بێت؟

بێ گومان وەڵامی هەموو ئەم پرسیارانە نەرێنییە. ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر جیهان لە توڕەیی و ڕق و کینەدا، لەدژی حکومەتە گەورەکانی جیهان، لە دژی سیستەمی سەرمایەداریی زاڵ، وەک هۆکارێکی سەرەکی بۆ هەژاری و کاولکاری و شەڕ و نائەمنی و میلیتاریزم، جۆش دەدات. خەڵکی موتەمەدینی دونیا لە ڕق و تووڕەیی و کینەدا بەرامبەر بە  کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی فەلەستیندا، لە تووڕەیی و ڕقیان لە حکوومەتی ئیسرائیل و هاوبەشە ڕۆژئاواییەکانی و لە بێدەنگی و قسە بێماناکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و هەموو ئەو حکومەتانەی کە بە ڕواڵەت هاوبەش نین لە کۆمەڵکوژیی خەڵکی فەلەستیندا، لە بەرامبەر موزایەدەی حکومەتەکانی ناوچەکە و دونیای عەرەبدا، لە دژی ئێران، تورکیا، میسر، سعودیە و هیتر .. کە لە جەرگەی شەڕی خوێناوی ئیسرائیل و ئازارەکانی خەڵکی فەلەستیندا لە ژێر ئاڵای درۆزنانەی "بەرگریکردن لە خەڵکی فەلەستین"دا بەدوای ئامانج و بەرژەوەندییە کۆنەپەرستانەکانیاندا دەگەڕێن، دەسوتێن.

ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر ڕوون و ئاشکرایە کە خەڵکی بێبەشی فەلەستین جگە لە خەڵکی موتەمەدینی جیهان و چینی کرێکار و ڕێکخراو و دامەزراوە کرێکارییەکان هیچ پشتیوانییەکی دیکەیان نییە.

ئەمڕۆ خەڵکی فەلەستین جگه له پاڵپشتی و درێژەدان به نارەزایەتی و مانگرتن له دژی ئیسرائیل و هاوپەیمانانی، ناتوانن پشت بە هیچ دەزگایەکی دەوڵەتی و نێودەوڵەتی و ناوچەیی ببەستن. چینی کرێکاری جیهانی دەتوانێت ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت لە فشارخستنە سەر ئیسرائیل و لایەنگران و هاوپەیمانان و دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە. هاتنەمەیدانی هەمەلایەنەی ئەم چینە بۆ وەها هەڵمەتێکی ئینسانی، نەک هەر زیاتر لە جاران ئیسرائیل گۆشەگیر دەکات و کۆتایی بەم بەربەرییە ئاشکرایەی دەهێنێت، بەڵکو دەستی دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەش لە ساتوسەسەودا کردنیان بە مەینەتیەکانی خەڵکی فەلەستینەوە دەبڕێت. ئەم بزووتنەوە ئینسانیە کە ساڵ و نیوێکە زیندوو و چالاکە و درێژەی هەیە، بێ گومان هەر تینوتەوژمێکی چینی کرێکار لەم بزووتنەوەیەدا بۆ بەرگریی کردنێکی یەکگرتووانە لە خەڵکی فەلەستین، دەتوانێت ڕێچکەیەکیش بێت بۆ هاتنەمەیدانی یەکگرتووانەی ئەم چینە لە دژی هەژاری و بێبەشی، لە دژی چەوسانەوە و بێمافی،  لە دژی شەڕ و تاوان و میلیتاریزم لە سەرانسەری جیهاندا.

حیزبی حیکمەتیست (خەتی ڕەسمی)
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
۱۰ نیسانی ۲۰۲۵