بەیاننامەی هاوبەشی سێ حیزب :چارەسەرکردنی کێشەی فەلەستین
تاوانەکانی ئیسرائیل، کۆمەڵگای جیهانی و چارەسەرکردنی کێشەی فەلەستین
 
بۆردومانە بەربڵاوەکانی ئیسرائیل لە دژی خەڵکی فەلەستین لە کەرتی غەززە و بڕینی ئاو، کارەبا، خۆراک و سووتەمەنی و وێرانكردنی غه‌ززه‌ به‌سه‌ر دانیشتوانەکەیدا، بەدوای بۆردومانکردنی نەخۆشخانەی مەعمدانی لەو كه‌رته‌، دۆخەکە چووەتە قۆناغێکی مەترسیدارترەوە. مەودای دڕندەیی و بەربەرییەت لەم کۆمەڵکوژیەدا کە بە پاڵپشتی تەواوی دارایی و سەربازی حکومەتەکانی ڕۆژئاوا و دەزگاکانی پڕوپاگەندەی جەنگییان دەچێتەپێشەوە، هاوکات لەشکرکێشی و ناردنی گەورەترین پاپۆڕی جەنگی بۆ ناوچەکە، ڕوخساری سیاسی ناوچەکە و ڕیزبەندی هێزەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا ناچار بە گۆڕانکاری جددی کردوە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بەرەو قۆناغێکی پڕمەترسی و کارەسات ڕاپێچ كردووه‌.
 ئەمڕۆ ئەو ڕاستییەی کە حکومەتە ڕۆژئاواییەکان کە پشتیوانی ئیسرائیل دەکەن، لەوانە ئەڵمانیا و ئینگلتەرا و فەرەنسا و ئەمریکا و ئەوانی تر، بۆ هەموان ئاشكرایه‌ کە ئەم دەوڵەتانە بوونەتە بەشێک لە ماشێنی جەنگی و پڕوپاگەندەکردن بۆ ئیسرائیل و بوون بە به‌شێک لە تابلۆی کێشەکە و بە بنبەست گەیاندنی چارەسەركردنی کێشەی فەڵەستین. "دیموکراسی ڕۆژئاوا" کە هەر جۆرە ناڕەزایەتییەک لە دژی تاوانەکانی حکومەتی ئیسرائیل و پشتیوانی کردن لە خەڵکی فەلەستین قەدەغە دەکات، کە پۆلیسی "دژە تیرۆر" بەردەداتە گیانی لایەنگرانی خەڵکی فەڵەستین و دەیانکوژێت، کاتێک کە ژیانكردنی فەڵەستینیەکان لە ڕۆژئاوادا بە تاوان هەژماردەکات، کە ڕقوکینەی نەتەوەیی و ئایینی لە قاڵبی "شارستانیەتی بەشەریەت"دا پەرەپێدەدات و کارتی سەوز بۆ دواکەوتووترین بەشەکانی کۆمەڵگا به‌رزده‌كاته‌وه‌ تا هێرش بەرنە سەر " بێگانه‌كان"، زیاتر لە هەر سەردەمێکی تر شەرعیەتی خۆی لە چاوی خەڵکی موتەمەدینی جیهان و بە تایبەتیش لە ڕۆژئاوا، لەدەست داوه‌. هیچ کاتێک وەک ئەمڕۆ دەوڵەتانی ڕۆژائاوا و پەرلەمان و ئەحزاب و دامەزراوە نێو دەوڵەتییەکانیان، کە پشتیوانی بێ مەرج لە ئیسرائیل دەکەن و ڕێگرن لە کۆتاییهێنان بە بۆردومانەکان و ئەو کۆمەڵکوژیەی لە کەرتی غەززەدا کراوە و هەر ئەوانیشن کە ساڵانێکە چارەسەری پرسی فەڵەستینیان بە بنبەست گەیاندووە، لە چاوی خەڵکی جیهاندا لاکەوتە و بێئابڕو نەبوون! بە هەق ئەمڕۆ "دیموکراسی ڕۆژئاوا" بە جەنگ و کوشتن، کۆمەڵکوژی و سانسۆر، سەرکوت و تاوان ده‌ناسرێته‌وه‌. بەمجۆرەش لەچاوی خەڵکی جیهانی ئەمڕۆوە ئەوە دەوڵەتی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی ڕۆژئاوایەتی کە به‌ بەرپرسیار و سەرچاوەی هەر دڵۆپە خوێنێک کە لەم ناوچەیەدا دەڕژێت داده‌نرێن. لە ڕوانگەی خەڵکی جیهانەوە کە لەژێر شۆکی تاوانەکانی ئیسرائیلدان و لەتاو بەرگریکردن لە خەلكی فەلەستین دەسووتێن، دەوڵەتانێک کە لە لوتکەی دڕندەیی و کۆمەڵکوژیەکانی حکومەتی ئیسرائیلدا ڕایدەگەیەنن "ئێمە لەپاڵ ئیسرائیلدا وەستاوین!" ، ئیتر شەرعیەتیان نییە. ئەمڕۆ "جیهانی ئازاد"ی ڕۆژئاوا، ئەم "کەعبەیەی ئومێدەکانی دیموکراسی"، جگه‌ لە ئەفسانەیەک هیچی نییە!
 ئەمڕۆ بەرگری کردن لە خەڵکی فەڵەستین و چارەسەرکردنی کێشەی فەڵەستین مۆری خۆی ناوە بە پەیوەندی نێوان خەڵکی موتەمەدین و ئازادیخوازی ڕۆژئاوا و حکوومەتەکانیانەوە. پشتیوانی ئاشکرای حکومەتەکانی ڕۆژئاوا لە تاوانبارانی جه‌نگیی ئیسرائیل، خەڵکی موتەمەدین و سەندیکا کرێکارییەکان، داموده‌زگاكانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ چ لە جیهان و چ لە وڵاتانی ڕۆژئاوای بەرەو سەردەمێکی نوێی ڕووبەڕووبوونەوە لە دژی حکومەتە "خۆییەکان" بردووە. "کێشەی فەڵەستین" ئەمڕۆ ئیتر تەنها کێشەی "خەڵکی موسڵمان" و "عەرەب" و "جیهانی عەرەب" نییە. بەڵکو کێشەی فەڵەستین، ئەمڕۆ کێشەی خەڵکی جیهانە.
هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و دژە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و کوشتنی هەزاران کەس، لە چوارچێوەی دۆخی نوێی جیهان و لاوازبوونی پێگەی ئەمریکا لە جیهان و شکستی سیاسەتە سەربازییەکانی، لاوازبوونی پێگەی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چەقبەستوویی ڕێگاچارەکانی به‌هێزكردنی جێگه‌وڕێگه‌ی ئیسرائیل بەبێ وەڵامدانەوە بە کێشەی فەڵەستین و سه‌رئه‌نجام فشاری ناڕەزایەتیە جیهانی و جەماوەریەکان، زیاتر له‌ هه‌ر كاتێكی تر خواستی چارەسەرکردنی کێشەی فەلەستینی بەسەر وڵاتانی ڕۆژئاوا و نەتەوەیەکگرتوەکان و وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەدا داسەپاندوە. ئەمەش وا دەکات هەر جۆرە "چارەسەرێک" بۆ کێشەی فەلەستین لە لایەن ئەم حکومەتانەوە و لە سەروو خەڵکی فەڵەستین خۆیانەوە بێت مەحکوم بە شکست بکات.
 هه‌ر خودی بوونی ئه‌م ڕاستیانه‌ و لەپاڵ گوشارەکانی خەڵکی ئازادیخوازدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی فەڵەستین، حکومەتە کۆنەپەرستە دەسەڵاتدارەکانی ناوچەکەی لە دەسەڵاتە هیچ لەبارانەبوەکەی مەحمود عەباس و حزبوڵڵای لوبنانەوە تا دەگاتە سعودیە، ئوردن، قەتەر، میسر ، عێراق، ئێران و تورکیای خستۆتە جموجۆڵ کە ڕیاکارانە و بە ناوی "بەرگری" کردنەوە لە خەڵکی فەڵەستین بکەونە شوێن ئامانجە کۆنەپەرستانەکانیانەوە. حکومەتانێک کە هەر خۆیان دامەزرێنەری جەنگەڵستانێکن لە بێبەشی و هەژاری و بێمافی و سه‌ركوتگه‌ری و تاوانی دژ بە خەڵک لەم وڵاتانە و لەسەر ئاستی ناوچەکەدا، ئەو حکومەتانەی کە بە سودوەرگرتن لە مێژوویی کێشەی فەلەستین، خەریکی ساتوسەودا و مامەڵەکردن بوون لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئیسرائیلدا و هەرخۆشیان بەربەستێکی جددی بوون لەبەردەم چارەسەرکردنی کێشەی فەڵەستیندا، کەچی ئەمڕۆ لەژێر فشاری پشتیوانی جیهانی خەڵکی موتەمدیندا، ڕیاکارانە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە "بەرگریکار"ی خەڵکی فەلەستینن.
 ئەمڕۆ خەڵکی موتەمەدین و ئازادیخواز لە سەراسەری جیهاندا به‌شێوه‌ی بەرەیەکی بەهێز و سەربەخۆ لە دەوڵەتان و هێزە کۆنەپەرستەکان لەدژی ئیسرائیل و لایەنگرانی، پێیناوەتە مەیدانەوە. بەرەیەک کە بە کۆی دەنگ داوای دادگاییکردنی سەرانی حکومەتی ئیسرائیل وەک تاوانباری جەنگ و ئەنجامدەرانی كوشتنی به‌كۆمه‌ڵی خەڵکی فەلەستین و دادگاییکردنی سەرۆکی دەوڵەتان، حزبەکان، مافیای میدیایی و... هتد. لەسەر تاوانی بەشداریکردنیان دژ بە مرۆڤایەتی، لەلایەن دادگایەکی سەربەخۆ لە زلهێزەکانی ڕۆژئاوا و لایەنگرانی حکومەتی فاشیستەکانی ئیسرائیل دەکات. ئەمە ڕێزێکی فراوان و بەهێزە کە لە دڵی تاوانەکانی حکومەتی ئیسرائیل لە دژی خەڵکی فەڵەستینەوە سەریهەڵداوە و ڕووی له‌وه‌یه‌ مۆری خۆی له‌ ئاڵوگۆڕه‌كانی داهاتوو بدات.
بەهێزکردنی ئەم بەرەیە و هەوڵدان بۆ هێنانە مەیدانی سۆسیالیستەکان و چینی کرێکار وەک ئاڵا هەڵگری ئەم هێزە فراوانە، لە دژی تاوانەکانی جەنگ و داکۆکیکردن لە چارەسەرکردنی پرسی فەڵەستین و بۆ جیهانێکی سەلامەتتر و ئینسانیتر ئەرکی ئێمە و هەر هێز و ڕەوتێکی کۆمۆنیستییە.
 لەسەر بنەمای ئەمەش ئێمە حیزبی حیکمەتیست (خەتی ڕەسمی) و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان،  حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق خوازیاری جێبەجێ بوونی ئەم خاڵانەی خوارەوه‌ین:
 
*/ ڕاگرتنی جەنگ و کۆتایی دەستبەجێی بۆردومانی کەرتی غەززە!
*/ کۆتایی هێنانی دەستبەجێی گەمارۆی ئابووری لەسەر خەڵکی کەرتی غەززە!
*/ ناردنی دەستبەجێی هاوکاری دەرمانی و پزیشکی، خۆراک و... بۆ کەرتی غەززە!
*/ داماڵینی دەستبەجێی ناوچەکە لە چەک و کشانەوەی پاپۆڕە جەنگیەکانی ئەمریکا و هێزی سەربازی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ناوچەکە!
 */ کشانەوەی دەستبەجێی ئیسرائیل لە خاکە داگیرکراوەکان و گەڕانەوەی خەڵکی فەلەستین بۆ شوێنی کار و ژیانی خۆیان و وەستانی هەر هەڕەشەیەک لە دژیان!
 
ئەمانە هەنگاوی یەکەمن بۆ کۆتایی هێنان بە بەردەوامی تاوانە سیستماتیک و ڕێکخراوەکانی حکومەتی ئیسرائیل لە دژی خەڵکی فەڵەستین و سازکردنی زەمینەکانی دەستڕاگەیشتن بە ڕێگای چارەسەری بنەڕەتی کێشەی فەڵەستین، واتە دانپێدانان بە دوو دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ ئیسرائیل و فەڵەستین.
ئێمە هەموو سەندیکا کرێکاریەکان، حیزبه‌ سیاسیه‌كان و نیهادە داموده‌زگاكانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ و خەڵکی موتەمەدینی جیهان، بانگەوازەکەین کە پشتیوانی لە خەڵکی بێبەشی فەڵەستین و ئەم بەیاننامەیە و چارەسەری بنەڕەتی کێشەی فەڵه‌ستین و بەرەسمیەت ناسینی دوو دەوڵەت بکەن.
 
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
حیزبی حیکمەتیست(خەتی ڕەسمی)
١٨/١٠/٢٠٢٣