ڕۆژی چوارشەممە ٦ی مێهر، کۆمەڵێکی بەرچاو لە ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی کوردستانی عێراق لە شاری سلێمانیە ڕایانگەیاند کە بە مەبەستی پشتیوانی لە ژنان و ناڕەزایەتیە ئازادیخوازانەکان لە شارەکانی ئێران، کۆ دەبنەوە و خۆپیشاندان بە رێوە دەبەن. هێزە ئەمنیەتیەکانی یەکیەتی نیشتمانی لە بەرانبەر خەڵک دا وەستان و ڕێگایان نەدا ئەم کۆبونەوە و خۆپیشاندانە بەرێوە بچێت.
بە پێی ڕاگەیاندنی حیزبی کمۆنیستی کرێکاری کوردستان، سەرەڕای هەڕەشەی پۆلیس و هێزە ئەمنیەتیەکانی یەکیەتی نیشتمانی، ژنان و خەڵکی ئازادیخواز هەوڵیان دا کە کۆبونەوەی خۆیان بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بەڕێوە ببەن.
لە ئاکامدا هێزەکانی یەکیەتی نیشتمانی بە گازی فرمێسک ڕێژ هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و ژمارەیەک لە بەشداربوانیان دەستبەسەر کرد. هێزەکانی یەکیەتی نیشتمانی هەروەها ڕێگایان نەدا میدیا و هەواڵنێریەکان لەو شوێنە ئامادە بن و بۆ ئەوەی کردەوە قیزەونەکانیان بە گوێی جیهان نەگات.
چەن ڕۆژ پێشتریش کۆبونەوەی لەم چەشنە بۆ پشتیوانی لە جەماوەری ئازادیخوازی ئێران لە شارەکانی کوردستانی عێراق بەڕێوە چو. لە یەکێک لەم کۆبونەوانەدا لە شاری سلێمانیە، ئازادیخوازان و یەکسانی خوازان، بە سوتاندنی لەچک ڕق و بێزاری خۆیان لە یاسای دژە ژن و پشتیوانی و هاورێیەتی خۆیان لەگەڵ ژنان ئێران ڕاگەیاند. دوابەدوای ئەم کۆبونەوە، ڕەوتە ئیسلامیەکان و هاوبەشانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان کەوتنە جم و جۆڵ و یەکێک لە پارلمانتاران خوازیاری محاکمە و دادگایی کردنی "نەغەدە عوسمان" وەک یەکێک لە وتەبێژانی ئەم کۆبونەوە، بە تاوانی سوتاندنی حیجاب بوون.
ناڕەزایەتیە بەربڵاو و ئازادیخوازانەی سەرتاسەری میلیۆن ها کەس لە ژنان، پیاوان و لاوانی پێشەکەوتو خواز لە ئێران دژ بە کۆماری ئیسلامی، دژ بە بێ مافی ژن و بە ئاڵای یەکسانی ژن و پیاو و ئازادی و بەرابەری، کە بنەماکانی کۆماری ئیسلامی هێنایە لەرزە، کۆنەپەرەستانی ناوچەکە و لەوانەش لە کوردستانی عێراقی توشی ترس و دڵە ڕاوکێ کردوە. هێرشی هێزەکانی یەکیەتی نیشتمانی بۆ سەر خۆپیشاندەران، هەوڵ دان بۆ محاکمە و دادگایی کردنی "نەغەدە عوسمان" لە لایەن ڕەوتە ئیسلامیەکانەوە، نیشاندەری ئەم ترسە و دڵە ڕاوکێی کۆنەپەرستانی دەسەڵات دار لەم ناوچەیە.
ئەم کردەوە شەرمێونانە و دژە ژنەی یەکیەتی نیشتمانی و دیفاع و پشتیوانی بە کردەوەی لە بێ مافی ژنان و پشتیوانی ئەوان لە کۆماری ئیسلامی لە هەل و مەرجێک دا بەرێوە دەچی کە هەرلەم ڕۆژەدا سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، ئوردوگاکانی ئۆپۆزیسیونی جێگیر لە کوردستانی عێراقی بە خەستی بۆردمان کرد و زەرەر و زیانی گیانی و ماڵی زۆری لێیان دا. ئەمەش لە حاڵێکدایە کە ئۆپوزیسیونی جێگیر لەم ناوچە، نەک هەر مێژویەکی کۆن و پەیوەندیەکی قوولیان لەگەڵ یەکیەتی نیشتمانی دا هەیە، بەڵکو بگرە هەمویان بە ناوی "کورد" و مافی "کورد" سەرجەم ئەم حیزبانە لە یک بزوتنەوەدا بە ناوی (بزوتنەوەی ناسیۆنالیسمی کورد) خۆیان دەبیننەوە و ئیدعای برایەتی یان لە گەڵ یەک هەیە.
لە چەن دەیەی ڕابردودا، دەسەڵاتدارانی کوردستانی عێراق، بە پشت بەست بە یاسای دارزیوی "شەریعە"، بە هەڵ کردنی ئیسلام و سونەت و کەلتور و پەرەستنی ئەمانە، لە بێ مافی ژن و کوشتاری ژنان لە ژێر ناوی ناموس و سونەت، هەڕەشە لە ژنانی کمۆنیست و ئازادیخواز، هێرش بۆ سەر بنکە و ناوەندەکانی دیفاع لە مافی ژنان، هیچ کەمتریان لە کۆماری ئیسلامی نەکردوە.
لە ژێر سایە دەسەڵاتی ئەم لایەنانە، ژن کوشتن و بێ مافی ژن، دەرکردنی فتوا بۆ رێبەران و هەڵسوڕاوان بەرچاوی کمۆنیست لەم کۆمەڵگا و بزوتنەوەی مافی ژن، هەڕەشەی تیرۆر و ڕفاندن لە ژنان، کمۆنیستەکان و ئازادیخوازان، بەشێکە لە مێژووی ڕەشی دەسەڵاتی ناسیۆنالیسم کوردی لە کوردستان عێراق.
بێ گومان لافاوی هەڵقوڵاوی بزوتنەوەی بەرابەری ژن و پیاو لە ئێران، نەک هەر کۆماری ئیسلامی، بەڵکو هەموو باند، تاقم و ڕەوتی ئیسلامی لە ناوچەکەدا و هەروەها عێراق و کوردستانی عێراقیش ڕادەماڵێ و کۆشکی کارتۆنی یەکیەتی نیشتمانیشی لە بنەماوە لەرزاندوە.
دەفتەری کوردستانی حیزبی حیکمەتیست (خەتی ڕەسمی) هێرشی هێزەکانی یەکیەتی نیشتمانی بۆ سەر کۆبونەوەی پشتیوانی لە ژنانی ئێران مەحکوم دەکات. ئێمە داوا لە جەماوەری ئازادیخوازی کوردستانی عێراق و سەرجەم ئەو هێزانەی کە خۆیان بە بەرپرس و پێشکەوتوخواز دەزانن دەکەین کە بێ دەنگ نەبن و ئەم کردەوە قیزەونەی یەکیەتی نیشتمانی و هێزەکانی ئەم حیزبە مەحکوم بکەن وبە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان، نەک هەر درێژە بە پشتیوانی خۆیان لە جەماوەری ئازادیخوازی ئێران بدەن، بەڵکو لە دژی بێ مافی ژنان و یاساکانی شەریعەت و دژە ژن لە عێراق و کوردستانی عێراق بێنە مەیدان. حیزبی ئێمە لەم شەڕەدا خۆی بە هاوڕێی حیزبی کمۆنیستی کرێکاری کوردستان و عێراق و هەروەها ئێوە ژنان و پیاوانی ئازادیخوازە دەزانێت.
دەفتەری کوردستانی حیزبی حیکمەتیست (خەتی ڕەسمی)
۷ ڕەزبەری ۱۴۰۱- ۲۹ی سپتامبر ۲۰۲۲