(سەبارەت بە بوردمانی ئۆپۆزیسیونی جێگیر لە کوردستانی عێراق)
سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی ڕەزبەر، ئوردوگاکانی حیزبی دیموکرات، هەر دو سازمانی زەحمەتکێشای عەبدوڵای موهتەدی و عومەری ئیلخانی زادە و هەروەها حیزبی ئازاد کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە بە موشەک و پێهباد بوردمان کرا، بە گوێرەی هەوالەکان، لە ماوەی چەن ڕۆژی ڕابردودا ناوچە سنوریەکانی کوردستانی عێراق لە لایەن سپای پاسدارانەوە تۆپ باران کرابوو و هەروەها هەڕەشەشی لە ئۆپۆزیسیۆنی جێگیر لە کوردستانی عێراق کردبو.
هێزەکانی جێگیر لەم ناوچە بە سەرنج دان بە هێرشەکانی پێشوتر، خۆیان بۆ ئەم هێرشە ئامادە کردبو و هەر بۆیە سەرەڕای بوردمانی بەربڵاوی سەرجەم ئوردوگاکانیان، ڕادەی سەدەمەی گیانییەکی کەمتر بە نسبەت ئەو پیلان و چاوەڕوانیەی کە کۆماری ئیسلامی بۆ شکڵ دان بە کوشتارێکی بەرچاو و پێک هێنانی ترس و دڵەڕاوکێ لە ناوچەکە دای ڕشتبو، بەر کەوتوە.
هەواڵنێریەکانی هەرێمی کوردستان ژمارەی کوژراوان ۹ کەس و بریندارەکانیان ۳۲ کەس ڕاگەیاندوە. بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ، ئەم هێرشانە هەروەها درێژەی هەیە و مەترسی ئەوە هەیە قوربانی زیاتری لێ بکەوێتەوە. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە شوێنی ژیانی بنەماڵەکان، پەنابەران و تەنانەت قوتابخانەی منداڵانیش کراونەتە ئامانج.
ئەم مانۆڕ و هێرشە میلیتاریستی و تیرۆریستیە کە تەنیا بە مەبستی بەرانبەرکێ لەگەڵ ناڕەزایەتی بەربڵاوی ئازادیخوازانە کە لە ئێران لە ئارادایە و لە کوردستانەوە تا تاران و خوزستان و ئازەربایجان و .. سەرتاسەری ئێران، یەک دەنگ و یەک ریز هێناوەتە مەیدان و بنەڕەتی و بنەمای دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هێنایە لەرزە، لە لایەن خەڵکەوە بێ وڵام نامێنێتەوە! سەرهەڵدان و ئاخێزێ جەماوەری کە پاش کوشتنی "مەهسا ئەمینی" بە دەستی گەشتی ئیرشاد هاتە ئاراوە و سەرانسەری ئێرانی یەک پارچە و یەکگرتو، بۆ مافی ژن و مافی ئینسان، هێنایە سەر شەقام و بە گژ دەسەڵاتی دا کرد، ناتوانرێت بە ئاوەها کردەوە و مانۆڕی میلیتاریستی و بە ئاسانی لە یەک هەڵ بوشێنرێتەوە. ناتوانن بە هیوای جیا کردنەوەی کوردستان لە تاران و تاران لە کوردستان، ئەم ناوچە میلیتاریزە و نیزامی بکەن.
ئاستی ناڕەزایەتیەکان ئەوەندە بەربڵاو، بەرچاو و هەمە لایەنەیە کە هێزە سەرکوتگەرەکان زەلیل و ریزی دەسەڵاتی لە سەرەوە تا خوارۆ توشی دو دڵی و سەر لێشێواوی کردوە. ماوەیە لەوە پێش کۆماری ئیسلامی زۆر هەوڵی دا کە بە داڕشتنی سیناریۆ و پیلان و بڵاوکردنەوەی هەواڵی دڕۆینە ڕێگا بۆ ئەم هێرشە خۆش بکات. هەوڵی دا نەقشە و پیلانێک دا بڕێژێت و بەم بیانوە ناوچەگەڵێک لە ئێران میلیتاریزە و نیزامی بکات.
لەبیرمان نەچوەتەوە کە کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی رێگا خۆش کردن بۆ ئەم تیرۆریزمە ئاشکرایە، حەوتوی ڕابردو، بە دڕۆ بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە لە رۆژئاوای ئێرانەوە چەک ڕەوانەی وڵات کراوە. هەوڵی دا بەم بیانوە سەرنجی بیروڕای گشتی لە ناڕەزایەتیە سەرتاسەریەکانی خەڵکی ئازادیخواز بە لا رێ دا ببات و ڕێگا بۆ سەرکوت خۆش بکات. هیرش بۆ سەر ئۆپۆزیسیۆنی جێگیر لە کوردستانی عێراق درێژەی هەر ئەو تەبلیغات و پروپاگاندای پێشوتری ئەوە بە مەبەستی بەڕیوە بردنی ئەو پیلانە قیزەونەی کە دایڕشتوە.
ئەم هەوڵە بێ ئاکامە، ناتوانێ سەرنجی بیروڕای گشتی بە لا رێ دا ببات و پێش بە لافاوی ناڕەزایەتیە سەرتاسەریەکان بۆ ئازادی ژن و بۆ پێکهینانی کۆمەڵگایەکی یەکسان و ئینسانی بگرێت. ئەم کردەوە و پڕۆپاگاندای میلیتاریستیە کە بە مەبەستی تێک شکاندنی یک ریزی و یەکگرتویی سەرانسەری خەڵک و بۆ درز خستنە نێوان ئوستانە جۆراوجۆرەکان و ترساندنی کۆمەڵگا بەرێوە دەچی، بێ گومان بە پەرەسەندنی یەک ریزی و یەکگرتووی سەرتاسەری و بە پەرەسەندنی خەباتی یەکگرتوانەی جەماوەر، بێ ئاکام دەمێنێتەوە و ئەم چەکەش و ئەم پیلانە کۆنەش لە دەس دوژمن دەر ئەهێنرێت و لە بەرانبەر بزوتنەوەی شۆرشگێڕانە و سەرتاسەری جەماوەری لە ئێران بۆ روخاندنی کۆماری ئیسلامی، چەک دەکرێت.
حیزبی حیکمەتیست (خەتی ڕەسمی) وێرای مەحکوم کردنی کۆماری ئیسلامی لە بۆردمان کردنی ناوچە سنوریەکان و شوێنی ژیانی ئۆپۆزیسیونی جێگیر لە کوردستانی عێراق، هیچ گومانی لەوەدا نیە کە ئەم جۆرە پیلان و سناریۆ گەلە، ناتوانێ کۆماری ئیسلامی لە چنگ ڕق و کینەی جەماوەرێک کە لە ریزی ملیۆنی خۆیاندا هاواری ئازادی ژن و ئازادی و یەکسانیان بەرز کردوەتەوە، ڕزگار بکات.
حیزبی حیکمەتیست (خەتی ڕەسمی)
۶ی ڕەزبەر ۱٤۰۱
۲٨ی سێپتامبری ۲۰۲۲