بە کوژرانی مەهسا ئەمینی چەخماخەی بزوتنەوەی مافی ژن، بزوتنەوەی ناڕەزایەتی ژنان بۆ ئازادی و بەرابەری و ڕزگاری، لە ئێران لێدرا. کوژرانی مەهسا، ڕق و بێزاری ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە دەسەڵاتی ئیسلامی و سەرجەم یاسا دژە ئینسانیەکانی گۆڕی بە بزوتنەوەیەکی بەربڵاوی کۆمەڵایەتی لە ئێران. بزوتنەوەیەک کە ژێر پێی دەسەڵاتی ئیسلامی و دژە ژنی داخ کردوە و هەتا ئەم کاتەش شکستێکی گەورەی بە سەر کۆماری ئیسلامیدا سەپاندوە.


کۆمەڵ، کۆمەڵ ژنان و کچانی  بێزار لە حیجاب کە سەمبولی سوکایەتی و بێ مافیە، بە سوتاندنی لەچک و حیجابەکانیان و هەروەها بەشداری بوێرانەیان بە بێ حیجاب و بێ لەچک لە خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکان و خۆڕاگری بوێرانەی لاوان لە بەرانبەر هێزی سەرکوتگەر و هەتا....   هەموی ئەمانە جێگا و پێگەی ژێر دەستانی، بەتایبەت بزوتنەوی بەرابەری و رزگاریخوازانەی ژنانی لە بەرنبەر دەسەڵاتدار بە قەزانجی ژێر دەستان گۆڕی.

هێزی ژنان، بارودۆخی ئەوانی وەک نیوەی کۆمەڵگا، قورسایی و گرینگی خۆی سەپاند و ئەم هێزە و ئەم پێگە و ئەم هێرشەی ژنان هاوڕێ لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاری، نەک تەنیا هاوسەنگی هێزی کۆمەڵگای لە ئێران بە قازانجی خۆی گۆڕی، بەڵکو مۆری خۆی لە سەرتاسەری جیهان و بەتایبەت لە وڵاتانی ئیسلامی ناوچەکە دا.

ئەوڕۆ گڕ و تینی بزوتنەوەی ژنان بۆ ئازادی و بەرابەری زیاتر لە جاران، جێگا و شوێنی ئەوانی لە کۆمەڵگا بە ڕادەیەکی بەر چاو بەرزکردوەتەوە. ترس و دڵەڕاوکێی دەسەڵاتدارانی ئیسلامی و ڕەوتە کۆنەپەرەستەکان لە پەراوێزی ئەم گۆرانکاریە دا کە ژنان هێزی بنەڕەتی و هەڵسوڕاوی ئەم بوارەن، جێگای سەرنجە.

ژنان و پیاوانی ئازادی خواز و یەکسانی خوازیش لە هەرێمی کوردستانی عێراق و لە شاری سلێمانیە بۆ دیفاع لە بزوتنەوەی ژنان لە بەگژدا چون بە سەر دەسەڵاتی کۆنەپەرەستی لە ئێران و هەروەها بەشێک لە خەباتی ئەوان بۆ ئازادی و بەرابەری و لە دژی دەسەڵاتی ڕەشی مەزهەب و یاسای ئیسلامی لە کوردستانی عێراق، هاتنە مەیدان و هاوکات لەگەڵ بزوتنەوەی سوتانی حیجاب لە ئێران، لە شاری سلێمانیەش ژنان زۆر بوێرانە و بەو پەڕی ئازایەتیەوە دەستیان دایە سوتاندنی حیجاب، وەک سەمبولی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی  و ڕەوتە کۆنەپەرەستە ئیسلامیەکان لەوانە لە عێراق. 

"نەغەدە عوسمان" یەکێک لە سیما ناسراوەکانی بواری دیفاع لە مافی ژنان و یەکێک لە سازمان دەران و وتەبێژانی ئەم جوڵانەوە کە هاوکات یەکێکە لە ئەندامانی ڕابەری "حیزبی کمۆنیستی کرێکاری کوردستان"، لە کوردستانی عێراق، هاورێ لەگەڵ ژنان و کچانی بوێر لە ئێران، لە گردبونەوەیەکی ناڕەزایەتی لە سلێمانی، لەچکی وەک سەمبولی کویلەتی و بێ مافی ژن ئاگر تێبەردا.

ئەمەش وەک چۆن ئاو لە هێلانەی مێرو دەکەی، ئاوەهاش هێزە ئیسلامی و کۆنەپەرەستەکان و دەستە و تاقمە ئیسلامیەکان لە مەلاوە بگرە تا نوێنەری پارلمان و حیزب و ڕەوتە ئیسلامیەکانی توڕە کرد و هێلانەی لێ شێواندن.

وا دیارە بە هێرشی ژنان لە ئێران و لە درێژە دا هاتنە مەیدانی ژنانی باوەربەخۆ و بە هێزتر لە جاران لە سلێمانیە،  تەخت و بەختی موفتەخۆری و چارەنوسی ئەوانی هێناوەتە لەرزەو بەرەو نەمانیان ئەبات.

 ترس لە چارەنوسێکی وەک کۆماری ئیسلامی، سەرتاپای ئەم کۆنەپەرەست و موفتەخۆرە ئاینی یانەی داتەنیوە و ئەوانی خستوەتە پەلەقاژە. هێزە ئیسلامیەکان کە پیشتر و لە پاش دەرکردنی فتوای کوشتنی "رێبور ئەحمەد" کمۆنیستی ناسراو و خۆشەویست، وڵامێکی گونجاویان لە خەڵکی کوردستان وەرگرتبو، ئەمجارەیان لە چوارچێوەی سکاڵای ژنێکی موسڵمان کە ئەندامی پارلمانە کارتۆنیەکەی کوردستانە لە "نەغەدە عوسمان" دەستیان داوەتە هێرش بۆ سەر بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵک لە کوردستانی عێراق.  بە ڕەواڵەت "نە‌‌غەدە عوسمان" بێ ڕێزی بە بۆچون و یاسای کۆن و سەدەکانی ناوەراستی ئیسلامی کردوە و دەبێ سزا بدرێت.

ئەم ڕەوتانە ساڵانێکە لە ژێر سایەی دەسەڵاتی حیزبە کوردیە ناسیۆنالیستەکان و شان بە شانی ئەوان، یاسای شەریعەتیان بە سەر کوردستانی عێراق سەپاندوە و ساڵانە کۆمەڵێک لە ژنان بە تاوانی حەقخوازی و مل کەج نەکردن بۆ یاسای کۆنەپەرستانە بە مەرگ مەحکوم ئەکەن. 

ئەو بزوتنەوەی کە لە ئێران وە رێ کەوتوە لە سەرجەم ناوچەکە لەوانە لە ئەفغانستانەوە بگرە تا عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراقی داتەنیوە و لە هەڵکشاندایە، بزوتنەوەیەک بۆ یەکسانی و ڕزگاری ژنان لە چنگ سەرجەم یاسا کۆنەپەرستە ئاینی و قەومی و سونەتیەکان کە تەوقی کۆیلەتی کردوتە مل ژنان. 

کۆنەپەرستانی دەسەڵاتدار لە کوردستانی عێراق، حیزبەکانی خاوەن دەسەڵات لەم کۆمەڵگا دەبێ شەرم بکەن و سەر دابخەن. هەڕەشە لە "نەغەدە عوسمان" بە تاوانی دیفاع لە ژنانی ئازادیخواز لە ئێران و دیفاع لە مافی ژن و سوتاندنی ڕەمزی کوێلەتی ژن، وەک پەڵی ڕەش و نەنگین لە مێژویاندا دەمێنێتەوە. ئەم سکاڵایە هێرشێک نەک بۆ سەر "نەغەدە عوسمان"  بەڵکو بۆ سەر ژنانی ئازادیخواز و ناوچەکەیە و ڕاگەیاندنی شەڕە لە دژی ئەوان.

 ڕەوت و کۆنەپەڕەستە ئیسلامیەکان و حیزبە ناسیونالیستەکانی دەسەڵاتدار لە کوردستانی عێراق، باش بزانن کە ئەو حەرەکەتەی کە لە ئێران وەڕێ کەوتوە، هاورێ لەگەڵ بزوتنەوەی ڕزگاری خواز و یەکسانی خواز لە کوردستانی عێراق، سەرجەم یاسای شەریعەت و یاسای دژە ژن و دژە ئینسانی ڕادەماڵێ و لە نێو قەفەسی دەکات. بزوتنەوە و ناڕزایەتی ژنان بۆ گەیشتن بە مافی ئینسانی و و بەرابەری ژن و پیاو لە ئێران، بەشێکە لە ڕەوتێک بە بەربڵاو بە پانتایی ناوچەکە لە لوبنان و عێراقەوە تا ئەفغانستان و ..کە سەرجەم جیهان و شارستانیەتی هێناوەتە شورشەوق.

ژنان لە ئێران تەنیا لوتکەی شاخێکی سەهۆلین لە هێرشێکی مێژویی بۆ ڕاماڵینی ئاپارتایدی جنسی و یاسا ئیسلامیەکان. هێرشێک کە لە ئێرانەوە دەستی پێ کردوە و گەردەلولێکە کە سەرجەم ناوچەکە و لەوانە کوردستانی عێراقی داگرتوە و کۆنەپەرەستە دژە ژنەکانی تۆقاندوە.

دەفتەری کوردستانی حیزبی حیکمەتیست (خەتی ڕەسمی) هاوڕێ لەگەڵ کمۆنیستەکان و ژنانی یەکسانی خواز لە کوردستانی ‌‌عێراق و هاوڕێ لەگەڵ حیزبی کمۆنیستی کرێکاری کوردستان لە پێشەوەی ئەم ‌ناڕەزایەتی و هێرشەی ژنانن دژ بە کۆنەپەرەستی ئیسلامی. حیزب و ڕەوتە ئیسلامیەکان و پارلمانی کارتۆنی کوردستانی  عێراق ئەوە بزانن لە ئەگەری هەر هەڵەیەک، بێ گومان لەگەڵ بورکان و گەردەلولی ڕق و بێزاری بزوتنەوەی دژە ئیسلامی ژنان بەرەوڕو دەبن.

 دەفتەری کوردستانی حیزب حیکمەتیست (خەتی ڕەسمی)

۲۵ ی سێپتامبەری ۲۰۲۲