ئەلتەرناتیڤی خەڵک بۆ دوای جمهوری ئیسلامی

لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، واتە لە دیسەمبەری ٢٠١٧وە تا ئەمڕۆ، بە تایبەتیش لە مانگەکانی جون و جوڵای (تیر- مرداد) ئەمساڵەوە، کۆمەڵگای ئێران بە شێوەیەکی سەرتاسەری و بەردەوام، هەنگاو بەهەنگاو لە ڕزگاربوون لە جمهوری ئیسلامی ئیران لەڕێگەی هێزی خەڵکەوە، نزیک و نزیکتر دەبێتەوە! ئەم ڕەوتی ڕزگاربوونە لە چنگی جمهوری ئیسلامی، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، ڕاستەوخۆ، بێ پێچوپەنا و ڕووبەڕوو لە ڕێگەی مانگرتنە کرێکاری و ناڕازایەتیەکانی خەڵکەوە، جمهوری ئیسلامی ئێرانی بەکێشکردووە بۆ کەندەڵانی هەرەس و ڕووخان.

ناڕەزایەتیەکان و خەباتی خەڵک، کە نەک تەنها لە دژی "باڵێک"، "کەسێک" یان "دەزگایەکی" جمهوری ئیسلامی، بەڵکو لەدژی سەرتاپای نیزامەکە و هەموو دەستەی فەرمانڕەوان، بە هەموو ئامڕازەکانی پیادەکردنی توانای خۆیانەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتر و فراوانتر و ئومێدەوارتر هاتوونەتە مەیدان! ئەم ناڕەزایەتیانە دەستی هەموو هێزە دژی خەڵکی و تێکدەرە جیهانی و ناوچەییەکانیان کۆتا کرد لە دەخاڵەت لە قەیرانە سیاسییەکانی ئێراندا. سەرەنجام دەخالەتی چینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخواز دەستی ئەو هێزو ڕەوتانەی لە گۆڕانکارییەکانی ئێستا و ڕەوتی ڕزگاربوونی خەڵکی ئێران لە حوکمڕانی چل و دوو ساڵەی جمهوری ئیسلامی ئێران کۆتا کرد کە لە ناوچەکەدا ڕیاکارانە و لەژێر ناوی پرۆژەکانی "ئازادکردنی" ئێراندا دوو دەیە لەدژی ئایندەیەکی "ئازاد و خۆشگوزەران و ئارام" مەیدانداربوون و بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوە بوون.

لەم ململانێ چارەنووسسازەدا لەپێناو ئایندەیەکی "خۆشگوزەران و ئازاد و ئارام"، بە پێچەوانەی شۆڕشی پێشوو و ئەزموونی ڕووخاندنی دەسەڵاتی پێشوو، جەماوەری خەڵک خواست و چاوەڕوانییەکانی خۆیان لە ئایندەی دوای ڕزگاربوون لە جمهوری ئیسلامیدا بە ڕۆشنی بەیان کردووە و ڕاگەیاندووە! "خۆشگوزەرانی و ئازادی و ئاسایش" و "بەڕێوەبردنی شورایی" ئەو خواستانەن کە لە هەموو ساتەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی بەرەی خەڵکی ئازادیخواز لەدژی بەرەی کۆنەپەرستیی دەسەڵات، خۆیان بەشێوەی جیاجیا و لە ئاستی جیاجیادا بەیان دەکەن. ئەم خواستانە، ئەمڕۆ بەکردەوە بوونەتە ویژدانی هۆشیاری کۆمەڵگای ئێران بۆ بەدەستهێنانی سبەینێیەکی دوور لە هەژاری و نەداری و نایەکسانی و سەرکوت.

خواستەکانی ئازادی، خۆشگوزەرانی، یەکسانی، ئاسایش و بەڕێوەبردنی شورایی کە زیاتر لە چل ساڵە هەنگاو بە هەنگاو و ڕۆژبەڕۆژ ڕوونتر و ڕۆشنتر بوونەتە ئاڵای هاوپشتییەکی سەرتاسەری لە ئێراندا، بەرهەمی پێشڕەوییەکانی بزووتنەوەی کرێکاری و ئەو بزووتنەوە ناڕەزایەتییە قووڵانەن کە سەرباری لەئارادابوونی توندوتیژترین سەرکوت و داسەپاندنی دزێوترین بێبەشییەکان، بۆ یەک ڕۆژیش مەیدانی ململانێ لەپێناو گەیشتن بە داواکارییە ئینسانییەکانی کۆمەڵگایان چۆڵنەکرد! ئەم بزووتنەوانە نە خۆبەخۆ و بێ ڕێکخستنن نە بێ ڕابەریی!

ئەم پێشڕەوییانە، کە خۆیان بەرهەمی پێکهاتنی ناوەندەکان، تۆڕەکانی خەبات، کۆبوونەوە گشتییەکان، شوراکان و ئەو ڕێکخراوانەن کە لەلایەن پێشڕەوترین کەسایەتییەکان و دەستەندەرکاران و ڕێکخەرانی مانگرتن و ناڕەزایەتیە ڕۆژانەکانەوە پێکهاتوون، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا هەنگاو بە هەنگاو بەدەستهاتوون و سەرباری دەیان و سەدان ڕێگری و گوشار، بوونی خۆیان بەکردەوە بەسەر دەسەڵاتدا سەپاندووە!

ئەم واقعییەتە زامنی پێشڕەوی تائێستای ململانێی خەڵکە لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە ڕوخێنەرەی کە بەسەریانەوەیە! تا ئەو ڕادەیەی کە ئەمڕۆ خواستی شورا و بەڕێوەبردنی شورایی، وەکو تاکە شێوەی پیادەکردنی ئیرادەی جەماوەری و دیموکراسیانەی خەڵک، بووەتە خواستێکی مەلموس، نزیکەدەست و جێگەی بڕوا!

دەخالەتی بەکۆمەڵ، بیرکردنەوەی بەکۆمەڵ، ڕێکخستن و ڕابەری بەکۆمەڵ، لەڕێگەی کۆبوونەوە گشتییەکانی کرێکارانەوە و بە ڕێنمایی تەیفێک لە نوێنەران و کەسایەتی ناسراو و پێشڕەوانی کۆمەڵگاوە، پیادەکردنی ئیرادەی خەڵک لە شوراکاندا، هەموو ئەمانە ئەمڕۆ ئیتر لە گەرماوگەرمی تێکۆشاندا پیادە دەکرێن.

شوراکانی خەڵک، نەک بۆ سبەینێی دوای جمهوری ئیسلامی، بەڵکو بەوێنەی ڕێکخراوی حازربەدەستی تێکۆشان، شیاوی پێکهێنان و پیادەکردن و، بۆ بەدەستەوەگرتن و دەخالەت و زامنکردن و دابینکردنی بەشداری گشتیی خەڵک لە بەرەوپێشەوەبردنی ئاراستەی خەباتێک کە لە ئارادایە، ئەمڕۆ بووەتە پێویستی و واقعییەتێکی حاشاهەڵنەگر!

ئەمڕۆ بەڕێوەبردنی شورایی کۆمەڵگا، بەوێنەی تەنها زامنی دەخالەتی گشتی و دیموکراسیانەی خەڵک، سەرەڕای "نا بۆ جمهوری ئیسلامی"، بووەتە "بەڵێ"یەکی ڕۆشن و هۆشیارییەکی زاتیی خەڵکی ئازادیخواز بۆ بنیاتنانی هەیکەلێکی دیموکراسی و خەڵکی.

حیزبی حیکمەتیست (هێڵی ڕەسمی) بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییانە و بۆ زامنکردنی سەرکەوتنی خەڵکی ئازادیخواز بە سەر جمهوری ئیسلامیدا و شکستپێهێنانی یەکجاری ئەم ڕژێمە و بە پشتبەستن بە ئەلتەرنەتیڤێک کە ڕیشەی لە ململانێکانی ئەمڕۆی خەڵک بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و خۆشگوزەرانی و ئاسایشدا هەیە، "کۆنگرەی سەرتاسەریی شوراکانی خەڵک" بە تاکە ئەلتەرنەتیڤی خەڵک و تاکە زامنی دەخالەتی گشتیی خەڵکی ئێران لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان لە ئەمڕۆ و سبەینێی دوای جمهوری ئیسلامی ئێراندا دەزانێت.

"کۆنگرەی سەرتاسەریی شوراکانی خەڵک" کە لە هەلومەرجی سستی یەکجاریی حکومەت، هەرەسهێنان، شۆڕش، ڕوخان و ...دا دەستبەجێ وەکو ئەلتەرنەتیڤی دەسەڵاتی هەڵقوڵاوی نێو کۆمەڵگا و وەکو دەوڵەتی جێگرەوە، خۆی ڕادەگەیەنێت و بە نوێنەرایەتی خەڵکی ئێران، خەڵکی ڕێکخراو لە شوراکانی خەڵکدا، کۆنترۆڵی کۆمەڵگا بەدەستەوە دەگرێت!

"کۆنگرەی سەرتاسەریی شوراکانی خەڵک" لەگەڵ یەکەمین دەرفەتدا، دەستبەجێ و بێدواکەوتن بەوێنەی دەوڵەتی قانوونی، بە مەبەستی وەڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی خەڵک، ئەو پێداویستییانەی کە لەپێناو وەدەستهێنانیاندا جمهوری ئیسلامییان لەدەسەڵات هێناوەتە خوارەوە، ئەم هەنگاوە دەستبەجێیانەی خوارەوە بەکردەوە دەردێنێ:

١-ڕاگەیاندنی خۆی وەکو دەسەڵاتی حوکمڕان، وەکو دەوڵەتی ڕەسمی و قانوونی لە ئێراندا تا کاتی بەرپاکردنی ڕەسمی و ئاشکرای "کۆنگرەی دامەزراندنی حکومەتی شورایی"!

٢-دابینکردنی توانای بەرگری لەخۆکردنی شوراکانی خەڵک لە بەرامبەر پیلانەکانی کۆنەپەرستیی شکستخواردوو و باقی هێزە کۆنەپەرست و دژی خەڵکییەکان و بەرگریکردن لە پیادەکردنی ئیرادەی ڕاستەوخۆی خەڵکی شۆڕشگێڕ!

٣-ڕاگەیاندنی ئازادییە سیاسییە بێقەیدوشەرتەکان، ئازادی هەڵسووڕانی حیزب و هێزە سیاسییەکان بە هەر بۆچوون و بیروباوەڕێکەوە لەناو شوراکانی خەڵکدا بۆ خستنەڕووی بەرنامە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی خۆیان و ڕاکێشانی پشتیوانی شوراکان بۆ بەرنامەکانیان!

٤-یارمەتیدانی دروستکردن و ڕەسمییەت وەرگرتنی دەستبەجێی شوراکانی شوێنی کار و ژیان، شوراکانی کرێکاران، کارمەندان و ... لە سەرتاسەری ئێراندا، لە ماوەی لانی زۆر شەش مانگدا!

٥-هەڵوەشاندنەوەی هەموو یاسا جیاکارییەکان کە لە سەر بنەمای ڕەگەز، دین و نەتەوە داڕێژراون! زامنکردنی ئازادی دینداری و بێدینی و یەکسانی تەواوی هاووڵاتیان!

٦-دابینکردنی گوزەران، تەندروستی، سەلامەتی، شوێنی نیشتەجێبوون و ئاسایشی هەموو خەڵک لە سەرتاسەری ئێراندا، بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سەربازییەکان و ئەو ئیمکاناتانەی کە لە کۆمەڵگادا هەیە لە ڕێگەی چاودێری شوراکان بەسەر بەرهەمهێنان و دابەشکردندا!

٧-ڕاگەیاندنی حوکمڕانی کاتیی "کۆنگرەی سەرتاسەریی شوراکانی خەڵک"ی ئێران بە دامودەزگا نێونەتەوەییەکان و دەوڵەتەکانی جیهان!

٨-هەڵوەشاندنەوەی هەموو ڕێکەوتنە یەخسیرکەرە سیاسی، ئابووری و سەربازییەکان و، ڕاگەیاندنی ئاشتی لەگەڵ هەموو وڵاتە دراوسێکان، دەوڵەتەکان و خەڵکی وڵاتە جیاجیاکان!

٩-ڕاگەیاندنی قەدەغەکردنی دیبلۆماسی نهێنی و ڕاگرتنی تەواوەتی هەر جۆرە یارمەتی و پشتیوانییەک لە ڕووی ماددی و چەکوچۆڵەوە بۆ دەوڵەت و هێزە سیاسی و سەربازییەکان لە ناوچەکە و جیهاندا!

١٠-بەرپاکردنی ڕەسمیی و ئاشکرای یەکەمین "کۆنگرەی دامەزراندنی حکومەتی داهاتوو" بە بەشداری نوێنەرانی هەڵبژێردراوی شوراکان لە سەرتاسەری ئێراندا، بۆ نووسینەوەی دەستوور و پێکهێنانی دامەزراوەکانی حوکمڕانیی خەڵک لە ماوەی شەش مانگی دوای بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتدا!

حیزبی حیکمەتیست (هێڵی ڕەسمی)، وەکو حیزبێکی کۆمۆنیستی کە لە پێناو شۆڕشی کرێکاریدا خەبات دەکات، تاکە ڕێگای بەشداریکردن و دەخاڵەتی خۆی لە دەسەڵاتی سیاسیدا، بە بەشداریکردن لە بەدەسەڵات گەیشتنی ئۆرگانەکانی خەڵک، ئورگانە دیموکراتیکەکانی شوراکانی خەڵک دەزانێ و هەوڵ دەدات کە تاکە ئەلتەرناتیڤی ڕادیکاڵ و حازری کۆمەڵگای ئێران، واتە "کۆنگرەی سەرتاسەریی شوراکانی خەڵک"، لە دەسەڵات نزیک بکاتەوە!

 

حیزبی حیکمەتیست (خەتی ڕەسمی)

٣ی ئۆگەستی ٢٠٢١ (۱۲ مرداد ۱۴۰۰)