بۆ "کۆنگرەی دامەزراندنی حکومەتی ئایندە"

پێشەکی:

بە مەبەستی پاراستن و جێگیرکردنی ماف و ئازادییە بەدەستهاتووەکانی خەڵک لە ئێران و هەروەها بەمەبەستی کۆمەک کردن بە نووسینەوەی دەستوورێکی پێشکەوتنخوازانە و خەڵکی و شارستانیانەی هاوشان لەگەڵ باڵاترین دەسکەوتە مەدەنی، یاسایی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤایەتی سەدەی بیست و یەک، بەیاننامەی "بنەما سەرەکییەکانی دەستوور" دەخەینە ڕوو! ئەم بەیاننامەیە ئەو بنەما سەرەتاییانە ڕادەگەیەنێ کە مافە سیاسی و ئابوورییەکانی خەڵک، مافە سەرەتاییەکانی خەڵک بۆ دیاریکردنی جۆری حکومەت و نووسینەوەی "دەستوور"ی نیزامی ئایندەی ئێران پێناسە دەکات و بەزاندنیان هێڵی سوورە. هیچ یاسا و سیاسەت و ڕێوشوێنێک نابێت ناکۆک بێت لەگەڵ ناوەڕۆکی ئەم بەیاننامەیەدا. نابێت هیچ کەس یان بەشێکی هاووڵاتیان لە هیچ یەکێک لە مافەکانی ناو ئەم بەڵگەنامەیە بێبەش بکرێت یان جیاکاری لەدژی بکرێت بۆ دەستڕاگەیشتن بەم مافانە. دەوڵەت و ئۆرگانەکانی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لەسەریانە کە جێبەجێکردنی ماف و بەندەکانی ئەم بەیاننامەیە زامن بکەن. ئامانج و ڕوحی ئەسڵی "بنەما سەرەکییەکانی دەستوور" بریتییە لەم خاڵانەی خوارەوە:

١- دامەزراندنی قەوارەیەکی سیاسی ناقەومی و نادینی بنیاتنراو لەسەر بەشداری راستەوخۆ و بەردەوامی خەڵک لە مەسەلەی حوکمڕانیدا.

٢- دەستەبەرکردنی فراوانترین ماف و ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکان، ئازادییە بێقەید و شەرت و زامنکراوەکان بە شێوەیەکی یەکسان بۆ هەموو هاووڵاتیان و هەڵوەشاندنەوەی هەموو جۆرە جیاکارییەک لە سەر بناغەی ڕەگەز، میولی جنسی، ڕەگەزنامە، ئینتمای خێڵەکی و نەتەوەیی و نەژادی و دینی، تەمەن و ...

٣- دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانیی گشتیی هەمووان و باڵاترین ئاستی ژیان و ئاسایشی ئابووری خەڵک لە ڕێگەی پەسەندکردن و جێبەجێکردنی یاسا ئابوورییە پێشکەوتنخوازەکان، یاسایەکی کاری پێشڕەو و ... بە شێوەیەکی سەرتاسەری و یەکسان بۆ هەموو هاووڵاتیان.

٤- بەرقەرارکردنی ئازادیخوازانەترین کەلتوور و ئازادانەترین بەها و پەیوەندییە ئینسانییەکان، خوڵقاندنی ئیمکانات و فەراهەمکردنی گونجاوترین هەلومەرج و زامنکردنی دانان و پیادەکردنی کۆمەڵێک یاسا و هەنگاو کە بە خێراترین و ڕیشەییترین شێوە بیروباوەڕ و ڕێوڕەسم و ئەخلاقیاتی دووکەوتووانە و جیاکاری ئامێز و پڕلەسووکایەتی ڕابماڵن!

٥- زامنکردنی ئاسایش و پێکهێنانی هەلومەرجێکی گونجاو بۆ ژیانێکی ئارام و جێگیر و پڕ لە ئارامی بۆ هاووڵاتیان و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەگەڵ خەڵکی سەرتاسەری جیهاندا.

٦- هەڵوەشاندنەوەی هەمەلایەنەی ئاپارتایدی جنسی و هەموو ئەو یاسا و دامەزراوانەی کە لە سەر ئەمە بنیاتنراون.

 

بنەمای یەکەم: پێکهاتە و ئۆرگانەکانی دەسەڵاتی سیاسی

حکومەتی شورایی

- باڵاترین ئۆرگانی حوکمڕانی وڵات بریتییە لە کۆنگرەی سەرتاسەریی نوێنەرانی شوراکانی خەڵک.

- حوکمڕانی لە ئاستە جیاجیاکاندا، لە ئاستی محەللییەوە تا ئاستی سەرتاسەی، دەبێ لە لایەن شوراکانی خەڵکەوە ئەنجام بدرێت. ئەم شورایانە خۆیان هەم دانەری یاسان و هەم جێبەجێکاری یاسا.

- هەموو کەسێکی سەرووی ١٦ ساڵ ئەندامی خاوەن دەنگی شورا محەللییەکەی خۆیەتی و مافی ئەوەی هەیە خۆی بۆ هەر پلەوپایەو پۆستێکی شوراکەی یان نوێنەرایەتیکردن لە شوراکانی سەرەوەتردا کاندید بکات.

- نوێنەرانی شوراکان لە بەرامبەر یاسا و لێپرسینەوەی یاساییدا وەک باقی هاووڵاتیان وان و هیچ ماف و پارێزبەندی و حەسانەیەکی تایبەتییان نییە.

- نوێنەرانی شوراکان لە هەموو ئاستەکاندا، هەروەها هەموو پێگە و پۆستە سیاسی و ئیدارییەکانی وڵات، لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن و هەرکاتێکیش زۆرینەی ئەوانەی هەڵیانبژاردوون بیانەوێت دەتوانن وەلایان بنێن.

- ئەوپەڕی مووچەی ئەو کەسانەی کە بۆ کاروباری سیاسی و ئیداری وڵات هەڵدەبژێردرێن بەقەد کرێی میانەیی کرێکار دەبێت.

- پیادەکردنی چاودێری ڕاستەوخۆی خەڵک لە ڕێگەی دامەزراوە شوراییەکانەوە بەسەر چالاکی هەموو دامەزراوە و پۆستە ئیدارییەکاندا.

- دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن. پۆستە دادوەرییەکان ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن.

 

بنەمای دووەم: هێزی بەرگری لەخۆکردنی حکومەتی شورایی

- هێزی میلیشیای شوراکانی خەڵک، کە لەسەر بناغەی مەشق و فێرکردنی سەربازیی گشتی و بەشداری گشتی لە ئەرکە سەربازییەکاندا دادەمەزرێت، جێگەی سوپای پێشەیی و سەرووخەڵکی (سوپا، سوپای پاسداران، باقی هێزە چەکدارە پیشەییەکان و هەموو دامودەزگا سەربازی و یاساسەپێن و جاسوسی و هەواڵگرییەکان و هێزە میلیشیاییەکان و ...) دەگرێتەوە.

- هەڵوەشاندندەوەی بنەمای گوێڕایەڵیی بێچەندوچوونی خوارەوە بۆ سەرەوە لەناو هێزە چەکدارەکاندا. هەر کەسێکی سەربازی مافی ئەوەی هەیە ئەو فەرمانانە جێبەجێ نەکات کە بە بڕوای ئەو ناکۆکن لەگەڵ یاساکانی وڵات یان لەگەڵ بنەما ئینسانی و ویژدانییەکانی خۆیدا نایەنەوە.

- هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە کە لە جەنگ یان هەر چالاکییەکی سەربازیدا بەشداری نەکات کە ناکۆک بێت لەگەڵ بنەماکان و بیروبۆچوونەکانی ئەودا.

- پێکهێنانی هێزی سەربازی بەبێ جلی تایبەت (یونیفۆرم)، یان ئەنجامدانی ئەرک وەک پۆلیسی چەکدار بە جلی مەدەنییەوە قەدەغەیە. هەموو هاووڵاتییەک مافی خۆیەتی ئاگاداربێت لە حزوری هێزی یاساسەپێن لە دەوروبەرەکەیدا (شوێنی کار، ژیان، هاتووچۆ و...تاد).

- ئەو کەسانەی ئەندامی هێزە سەربازییەکانن مافی ئەوەیان هەیە کە لە چالاکییە سیاسییەکاندا بەشداری بکەن و ببنە ئەندام لە حیزبە سیاسیەکاندا. هەڵسووڕانی حیزبە سیاسیەکان، نەقابەکان و باقی ڕێکخراوەکان لەناو هێزە سەربازییەکاندا ئازادە.

 

بنەمای سێهەم: مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتیان

هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا ئەم ماف و ئازادییە حاشاهەڵنەگرانەی خوارەوەیان هەیە کە بەزاندنیان هێڵی سوورە. هیچ یاسا و ڕێوشوێنێک نابێ ئەم مافە سەرەتاییانە پێشێل بکات.

١- ژیان سەرەتاییترین مافی ئینسانە. هەر جۆرە دەسدرێژییەک بۆ سەر جەستە و ڕووحی ئینسانەکان قەدەغەیە.

٢- هەرجۆرە یەخسیرکردن، کۆیلایەتی و بێگارییەک جا لەژێر هەر پەردە و بیانوویەکدا بێت قەدەغەیە.

٣- کارکردن چالاکییەکی ئازاد و خوڵقێنەرانەی ئینسانە. هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە کە توانا خوڵقێنەرانە فیکری و عەمەلییەکانی خۆی پەرەپێبدات و بخاتەگەڕ.

٤- هەرکەسێک، بە بێ لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵی ئەو لە بەرهەمهێنان و توانای ئەو لە بەجێهێنانی ئەم ڕۆڵەدا، دەتوانێ لە دەسکەوتە ماددی و مەعنەوییەکانی کۆمەڵگا بەهرەمەند بێت. هەموو ئینسانەکان مافی یەکسانیان هەیە بۆ بەهرەمەندبوون لە دەسکەوتە ماددی و مەعنەوییەکانی کۆمەڵگا.

٥- هەموو ئینسانەکان مافی دەستبەتاڵی، ڕابواردن، ئاسایش و ئارامییان هەیە. هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە کە لە پێداویستییەکانی ژیانێکی خۆشگوزەران و ئاسوودەی کۆمەڵگای هاوچەرخ بەهرەمەند بێت.

٦- هەموو تاکێک، بەبێ هیچ قەید و شەرتێک، ئازادە لەوەی هەر بیروباوەڕێکی هەبێت، هەروەها ئازادە لە دەربڕینی بیروباوەڕەکەی بە شێوەی نووسین، زارەکی، هونەری یان هەر شێوازێکی تر بە شێوەی تاکە کەسی بێت یان بە کۆمەڵ.

٧- ڕەخنەگرتن لە هەموو بوارە سیاسی، کلتوری، ئەخلاقی و ئایدۆلۆژییەکانی کۆمەڵگا، هەروەها ناڕەزایەتی و مانگرتن بە شێوەی تاکە کەسی بێت یان بەکۆمەڵ، مافی بێقەیدوشەرتی هەموو تاکێکی کۆمەڵگایە. هەموو تاکێکی کۆمەڵگا دەتوانێ هەر حیزب یان ڕێکخراوێک کە بییەوێت پێکبهێنێت یان پێوەی پەیوەست بێت.

٨- بەشداری ڕاستەوخۆ و بەردەوام لە کاروباری حوکمڕانیدا مافی هەموو تاکێکی کۆمەڵگایە. پلە و پۆست و دامەزراوە دەوڵەتییەکان و ئۆرگانەکانی بەڕێوەبردنی کاروبارەکان لە سەرەوە تا خوارەوە لە لایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن. خەڵک مافی هەڵبژاردن و وەلانانی هەموو بەرپرس و خاوەن پۆستە سیاسی و ئیداریەکانی وڵاتی هەیە.

٩- هەموو کەسانی پێگەیشتوو مافی دەنگدانی گشتی و یەکسانیان هەیە و مافیان هەیە خۆیان بۆ هەر دامەزراو و ئۆرگانێکی نوێنەرایەتی یان وەرگرتنی هەر پلە و پۆستێک کاندید بکەن کە لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە دیاریدەکرێت.

١٠- هەموو کەسێک ئازادە کە بۆچوون و بیروباوەڕە شەخسییەکانی خۆی دەرنەبڕێت و بێدەنگ بێت لەبارەیانەوە. هەر جۆرە ئیستفزاز و هەڕەشەیەک لەدژی بەیانی ئازادانەی بۆچوونەکانی تاکەکانی کۆمەڵگا قەدەغەیە.

١١- هەموو ئینسانێک مافی ئەوەی هەیە کە حورمەت و شەخسییەتی پارێزراوبێت. هەر جۆرە ناوزڕاندن و بێ حورمەتییەک قەدەغەیە. هەر جۆرێک لە جاڕدانی نەفرەت یان لەبانتربوونی دینی، نەتەوەیی، خێڵەکی، نەژادی و جنسی قەدەغەیە.

١٢- هەموو مناڵێک مافی ژیانێکی شاد، ئاسوودە و خوڵقێنەرانەی هەیە. ئەوە ئەرکی کۆمەڵگایە کە خۆشگوزەرانی و خۆشبەختیی هەموو مناڵێک دەستەبەربکات، بەدەرلەوەی کە خێزانەکەی وەزعی چۆنە. هەموو مناڵان و نەوجەوانان دەبێ ستانداردێکی یەکسان لە خۆشگوزەرانی و ئیمکاناتی گەشەی ماددییان هەبێت، ستانداردێک لە بەرزترین ئاستی مومکیندا.

١٣- یەکسانی تەواو و بێ قەیدوشەرتی ژن و پیاو لە هەموو کاروبارەکانی ژیانی تایبەتی، خێزانی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسیدا. پەسەندکردن و جێبەجێکردنی کۆمەڵێک یاسا و هەنگاو بەمەبەستی سڕینەوەی دەستبەجێی جیاکاری لەدژی ژنان.

١٤- سەلامەتی مافی هەموو تاکێکی کۆمەڵگایە و هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە کە لە هەموو ئیمکاناتەکانی کۆمەڵگای هاوچەرخ بۆ پاراستنی خۆی لە بەڵا و نەخۆشییەکان بەهرەمەندبێت و سوود لە ئیمکاناتی تەندروستی و چارەسەری خۆڕایی کۆمەڵگا وەربگرێت.

١٥- بەهرەمەندبوون لە ژینگەیەکی تەندروست و ئاسوودە مافی هەموو ئینسانێکە! ئەرکی دەوڵەتە کە زۆرترین ئیمکانات تەرخانبکات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ژینگە و کاریگەرییە زیانبارەکانی و بۆ پاراستنی سەلامەتیی ژینگەی هاووڵاتیان.

١٦- دیاریکردنی دینی ڕەسمی و زمانی ڕەسمی ئیجباری قەدەغەیە.

١٧- ژیانی کۆمەڵایەتی مافی هەموو ئینسانێکە. هەر جۆرە جیاکردنەوە و بێبەشکردنێکی تاکەکەکانی کۆمەڵگا لە حزور لە ژینگە کۆمەڵایەتیەکاندا قەدەغەیە جا بە هەر بیانوویەکەوە بێت.

١٨- گەڕان بەدوای ڕاستییەکانی گشت لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئاگاداربوون لێیان مافی هەموو کەسێکە. سانسۆر و کۆنترۆڵکردنی ئەو زانیارانەی کە دەخرێتە بەردەستی هاووڵاتیان قەدەغەیە.

١٩- فێربوون مافی هەموو تاکێکی کۆمەڵگایە. هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە کە لە ئیمکاناتەکانی کۆمەڵگای هاوچەرخ بەهرەمەندبێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانیاری و پسپۆڕی خۆی وە یان بۆ ئاشنابوون لەگەڵ دەسکەوتە فیکری و عەمەلییەکانی مرۆڤایەتی سەردەمی خۆی. دەستڕاگەیشتنی خۆڕایی بە هەموو ئەو ئیمکاناتانەی فێربوون کە لە کۆمەڵگادا هەن و بەهرەمەندبوون لێیان مافی هەموو کەسێکە.

٢٠- هەموو کەسێکی بەتەمەن مافی ژیانێکی شاد، داهێنەرانە و ئاسوودەی هەیە. هەموو کەسێکی مافی ئەوەی هەیە کە لە قۆناغی بەتەمەنی خۆیدا، بەدەر لەوەی ئاستی ماددی خۆی چۆنە، لە باشترین ئیمکاناتی ژیان، ئیمکاناتی تەندروستی و چارەسەر بەهرەمەندبێت. دەستەبەرکردنی ئەم مافانە بۆ بەتەمەنەکان لە ئەستۆی کۆمەڵگایە.

٢١- ئازادی بێقەیدوشەرتی نیشتەجێبوون، گەشتکردن و جێگۆڕین مافی هەموو کەسێکی پێگەیشتووە. هەموو کەسێک بێ هیچ قەیدوشەرتێک مافی ئەوەی هەیە کە گەشت بۆ هەموو وڵاتێک بکات یان تێیدا نیشتەجێ ببێت.

٢٢- هەر کەسێک دەتوانێ بە قبووڵکردنی پابەندبوونە یاساییەکانی هاووڵاتیبوون، ببێتە هاووڵاتی کۆمەڵگا.

٢٣- هیچ دامەزراوەیەک بۆی نییە دەستوەربداتە ژیانی تایبەتی کەسەکان- شوێنی ژیان، نامە و نووسراو و پەیوەندی تەلەفۆنی، جۆری جلوبەرگ و ...

٢٤- بەستنی پەیوەندی ئازادانە و دڵخوازانەی جنسی مافی حاشا هەڵنەگری هەموو کەسێکە کە گەیشتبێتە تەمەنی یاسایی پێگەیشتنی جنسی. پەیوەندی جنسی دڵخوازانەی کەسانی پێگەیشتوو لەگەڵ یەکتردا، مەسەلەی تایبەتی خۆیانە و هیچ کەس و لایەنێک مافی خۆتێهەڵقورتاندن، دەخالەتکردن یان ئاشکراکردنی نییە.

٢٥- پەیوەندی جنسی کەسانی پێگەیشتوو (سەرووی تەمەنی یاسایی پێگەیشتن)، لەگەڵ کەسانی خوار تەمەنی یاسایی، قەدەغەیە، ئەگەر بە ڕەزامەندی خۆیشیان بێت.

٢٦- هەموو هاووڵاتیان بە بێقەیدوشەرت مافی تۆمارکردنی سکاڵایان هەیە لە دژی هەر بەرپرسێکی دەوڵەت.

٢٧- لە هەموو دادگاییکردنەکاندا بنەما لەسەر بێتاوانی تۆمەتبارە. بەهرەمەندبوونی خۆڕایی لە خزمەتگوزارییە دادوەری (قضائي)یەکان، لە دەرفەتی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە مافی هەموو کەسێکە. هەر جۆرێک لە ئەشکەنجەدان، هەڕەشەلێکردن، گوشاربۆهێنانی فیکری و دەروونی لە بەرامبەر کەسانی ڕاگیراو، تۆمەتبار و حوکمدراودا بەڕەهایی قەدەغەیە و ئەنجامدانی هەر یەکێک لەمانە بە کردەوەیەکی تاوانکارانە دەژمێردرێت. وەرگرتنی دانپێدانان بە زەبری هەڕەشە یان خستنەبەری تەماح قەدەغەیە.

٢٨- سزای لەسێدارەدان و زیندانی ئەبەدی، یان هەر جۆرە سزایەکی تر کە بکاتە دەستدرێژی بۆ سەر جەستەی کەسەکان، جا لە هەر هەلومەرجێکدابێت، قەدەغەیە.

٢٩- دەوڵەت و سیستمی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا دەبێ بەتەواوی نادینی و ناقەومی بێت. هەرجۆرە یارمەتییەکی دەوڵەت بۆ بڵاوکردنەوەی هەر دینێک قەدەغەیە. نابێ یاساکانی وڵات هێچ جۆرە مۆرکێکی دینیی، نەتەوەیی یان نیشتمانییان پێبدرێت. هەر جۆرە ئاماژەکردنێت بۆ دین، نەتەوە یان ئینتمای نیشتمانی تاکەکانی کۆمەڵگا لە یاساکان و بەڵگەنامە ناسنامەیی و ئیدارییەکانی پەیوەست بەواندا قەدەغەیە.

٣٠- دینداربوون و بێدینی، بە بێقەیدوشەرت ئازادە. دین جیایە لە دەوڵەت و فێرکردن و پەروەردە. هەر جۆرە ناچارکردنێک بۆ قبووڵکردنی دین قەدەغەیە. هەڵبژاردن یان هەڵنەبژاردنی دین کاری کەسانی پێگەیشتووە.

٣١- مناڵان و نەوجەوانان دەبێت لە هەرجۆرە دەستدرێژییەکی ماددی و مەعنەوی دینەکان و دامەزراوە دینییەکان پارێزراوبن.

 

بنەمای چوارەم: لابردنی ستەمی نەتەوایەتی

- هەموو دانیشتووانی وڵات، بەدەر لە ڕەگەزنامە و هەستی ئینتمای نەتەوەیی خۆیان، ئەندامانی خاوەن مافی یەکسانی کۆمەڵگان و هەر جۆرە جیاکارییەک بەرامبەر بە خەڵکی سەر بە نەتەوەیەکی تایبەت، چ ئەرێنی بێت چ نەرێنی، قەدەغەیە.

- لەو حاڵەتانەدا کە پێشینەی ستەمی نەتەوایەتی و ململانێی نێوان خەڵکی سەر بە نەتەوە جیاوازەکاندا پێکەوەژیانی ئەوانی لە چوارچێوەی ئێستای وڵاتەکاندا دژوار و پڕلەدەردەسەری کردووە، وەکو کەم زیانترین و ئاشتیخوازانەترین ڕێگای کۆتاییهێنان بەو هەلومەرجە، مافی جیابوونەوە و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ یان مانەوە بە مافی یەکسانی هاووڵاتیبوونەوە لە ڕێگەی گەڕانەوەی ڕاستەوخۆ بۆ ڕای ئەو خەڵکە خۆیان، بەڕەسمی دەناسرێت.

- هەرجۆرە بڕیارێک یان ئەلتەرنەتیڤێک لەبارەی ئایندەی سیاسی خەڵکەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕای گشتی خەڵک خۆی و تەنیا بە بڕیاری دەوڵەتی مەرکەزی یان لە ڕێگەی ڕێککەوتنی لەسەرەوەی نێوان دەوڵەت و حیزبە محەلییەکانەوە، هیچ شەرعییەتێکی نییە و ناقانوونییە.

 

بنەمای پێنجەم: سیاسەتی دەرەوە

- هەڵوەشاندنەوەی دیبلۆماسی نهێنی! پێڕەویکردنی سیاسەتی دەرەوە و کارە دیبلۆماسیەکان لەو یاسا و بڕیارە پەسەندکراوانەی کە لە لایەن ئۆرگانە یاسادانەرەکانی هەڵبژێردراوی خەڵکەوە داڕێژراون.

- پەیوەستبوونی وڵات بە پەیمانە دژی خەڵکی، دەسەڵاتخوازانە و سەرکوتگەرانەکان قەدەغەیە.

- بەرقەرارکردنی پەیوەندییەکی ئاشتیخوازانە لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهاندا.