ڕەنگە تراژیک بێت کە رێک لە ناودڵی بزوتنەوەی ئازادی ژن لە ئێران، لە گۆشەیەکی تری ئەم جیهانە دەستدرێژی بۆ سەر ژنان لە لایەن دەسەڵاتی کۆنەپەرەستەوە جێگای شانازی بێت.  
بەڵام ئەم کارەساتە دڵتەزێنە ڕۆژی هەینی لەگەڕەکی «هەوانە»ی شاری سلێمانی لە کوردستانی عێراق رویدا و کۆمەڵە لاوێکی تا سەر ئێسقان دواکەوتو، بە کەلتوری پیاوسالارانەی ناسیۆنالیستی و ئیسلامی هێرش دەکەنە سەر ژنێکی لاو کە بە مەبەستی سەیر کردنی کێ بڕکێی ماتۆرسواری ڕۆیشتبوە ئەم شوێنە.  
ئەم نێرینە دڕندە و مێشک گەنیوانە، بەو پەڕی دڕندەیی و بەربەریەتەوە هێرش دەکەنە سەر ئەو ژنە و تا ئاستی مردن، لێی ئەدەن.  
ویدیوی ئەم هێرشە دڕەندانە، ئەوەندە قیزەون و ناخ هەژێنە کە کاره‌ ساتی لەو چەشنە تەنیا لە ئەمارات ئیسلامی داعش، لە ئەفغانستانی ژێر دەسەڵاتی تالیبان و سەردەمی چەقۆ کەشانی حیزبوڵایی لە کۆماری ئیسلامی بەر چاو دەکەون.  
ئەوڕۆ بزوتنەوەیەکی بەهێزی ژنانە بە دروشمی  ژن، ژیان، ئازادی لە ئێران لە ئارادایە و تا ئێستا نەک کۆماری ئیسلامی، بەڵکو سەرجەم ئیرتجاع و کۆنەپەرەستانی دژە ژنی لە ناوچەکەی تۆقاندوە. ئەم گۆڕانکاری و بزوتنەوە بەربڵاوە کاریگەری خۆی نەک تەنیا لە سەر وڵاتانی ناوچەکە و بگرە لە سەر معادلە جیهانیەکانیش داناوە.  
گۆڕانکاریەکی بەهێز کە سەرقاڵی لە ناو بردنی کەلتوری دژە ژن و کۆنەپەرستیە کە رژیمە دەسەڵاتدارەکان ڕۆژانە دووباره بەرهەمی دەهێنن. ئەم بزوتنەوە بەربڵاوە بەو پەڕی هێزوە لە ئارادایە و چەرخ دەندەکانی گۆرانکاریەکی گەورەی مێژویی وەگڕ خستوە.   
لە دڵی ئاوەها بارودۆخێکدا، لە کوردستانی عێراق و لە ژێر سایەی دەسەڵاتی حیزبە کوردیەکان، کۆمەڵێک کۆنەپەرستی لۆمپەن و دژە ژن، جەسارەت پەیا ئەکەن و دەس ئەدەنە کردەوەیەکی دڕندانە.  
گومان لەوەدا نیە کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و مەلا کۆنەپەرستە ئیسلامیەکان و ناسیۆنالیسمی کورد، بەرپرسی سەرەکی ئەم دەستدرێژیە پیاوسالارانەن.  
دەسەڵات دارانێ کە بە هاوکاری مەلا کۆنەپەرەستەکان و فەرهەنگی پیاوسالارانەی ناسیۆنالیستی، دەور و نەخشێکی بەرچاویان لە سەرلە نوێ بەرهەم هێنانەوەی فەرهەنگ و کەلتوری دژە ژن و دژە ئینسانی دا هەیە.  
 دەسەڵاتێ کە لە سایەی حکومەتەکەی، کوردستانی عێراق لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردودا، ناوەندی توند و تێژی بۆ سەر ژنان و کوشتنی ژنان لە ژێر ناوی ناموس، شەرع و قانونی ئیسلامی و ناسیۆنالیزمی دەسەلاتدار بوە. بێ گومان خەڵکی ئازادیخواز و خاوەن شارستانیەتی شاری سلێمانی و کوردستانی عێراق و لە سەرو هەمویانەوە کمۆنیستەکان،  دەسەڵاتداران و ئەنجامدەرانی ئەم کردەوە مەجبور بە وڵامدانەوە ئەکەن.  
بزوتنەوەیەکی شکۆمەندی ئازادیخوازانە  کە لە ئێران و بە داخوازی بەرابەری ژن و پیاو هاتوەتە مەیدان، سەرجەم ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستی گرتوەتەوە و پشتیوانی خەلکی شارستانیەتخوازی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. ئەم بزوتنەوە کە بەرەو لە گۆڕنانی کۆماری ئیسلامی هەنگاو دەنێت، بێ گومان لە کوردستانی عێراق و ناوچەکە، دەوڵەتان و تاقمە دژە ژن و کۆنەپەرستە ئینسان کوژەکانی شێعە و سونە هەوسار ئەکات. ژنان و خەڵکی ئازادیخواز لە عێراق و کوردستانی عێراق، ڕێگا نادەن تاقمێ کۆنەپەرست ژیانی خەڵکی ئەم ناوچە تاڵ بکەن و جینایەتەکانی داعش و ژن فرۆشی و ژن کوژی جارێکی تر پەرە بستێنێتەوە.  
دەفتەری کوردستانی حیزبی حیکمەتیست (خەتی ڕەسمی) ئەم هێرشە دڕندانە و وەحشیانە بۆ سەر خانمی «الیا» خەڵکی تاران کە بۆ دیتنی نمایشی ماتۆر سواری چبوە گەرکی «هەوانە»ی سلێمانی، بە توندی مەحکوم ئەکات.
دەفتەری کوردستان هاورێ لەگەڵ حیزبی کمۆنیستی کرێکاری کوردستان و ژنان و پیاوانی پێشەکەوتنخواز لە کوردستانی عێراق لە دژی هەر جۆرە کردەوەیەکی دژە ژن دەوستێت و ئەنجامدەران  و دەست و پەیوەندەکانی سەرەکی ئەم دڕندەییە هەوسار ئەکات.  
دەفتەری کوردستان جارێکی تر تەئکید ئەکات کە بەرپرسی سەرەکی ئەم دەستدرێژیە و سەرلەنوێ بەرهەم هێنانەوەی فەرهەنگی کۆنەپەرستی و دژە ژن، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانن و دەبێ وڵام دەرەوەی خەڵکی ئازادیخواز بن.  
دەفتەری کوردستانی حیزبی حیکمەتیست (خەتی ڕەسمی)  
۳۱ی دسامبر ۲۰۲۲