نەخشەرێگای دەرهێنانی کۆمەڵگای کوردستان!

 

 

بۆ پێشەوە بەرەو دەسەڵاتدارێتی شورایی

 

 

لە کاتێکدا کۆمەڵگای کوردستان بەرەو پێنجەمین ساڵیادی ناڕەزایەتیەکانی ١٧ ی شوبات دەچوو، جارێکی تر جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ژنان و لاوان و خەڵکی ئازادیخوازو بێدەرەتان لە دژی هەژاری و تاڵان و بڕۆی حزبە بۆرژوا ناسیۆنالیستەکان هاتنەوە مەیدان. بزوتنەوەی١٧ی شوباتی رابردوو بە هۆی ئاستەنگیەکانەوە، بە تایبەتی بێبەریبونی لە ڕابەریەکی کارساز و شۆڕشگێڕو سەراسەری و گرفتاربونی بە ئاسۆی حزبە ناسیۆنالست و ئیسلامیەکان، ناکام مایەوەو سەرئەنجام بەبێ ئەوەی هیچ یەک لە داخوازیەکانی بەدیێیت، لەلایەن دەسەڵاتی میلیشیایی یەکێتی و پارتیەوە سەرکوت کرا.

 

تایبەتمەندی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی ئەمجارە هاتنە مەیدانێکی راستەوخۆیە دژی هەژاری وبرسێتی وتاڵان و بڕۆ و گەندەڵی حزبە دەسەڵاتدرەکانە. ئەویش لە کاتێکدا کە حکومەتی بنکە فراوانی حزبە بۆرژوا ناسیۆنالیست وئیسلامیەکان، وەکو دوا کارتی دەستیان دوچاری بنبەست و ناکامی بوەو راستەوخۆ لەلایەن خۆیانەوە هەڵوەشاوەتەوە. لەم هەلومەرجەدا سەرمایەداران و تاڵانچیان و ملیادرێرە مشەخۆرەکانی سەرانی ئەحزابی حاکم،  تەواوی سەروەت وسامانی کۆمەڵگایان بەتاڵان بردوەو هیچ بەرپرسیارێتیەکیش لە ئاست ژیان و گوزەران و خزمەتگوزاریەکانی خەڵکدا ئەستۆ ناگرن. لەوەش زیاتر دەیانەوێ ئەو قەیرانەی لە ئاکامی تاڵان و برۆی خۆیانەوە پێکهاتوە بە برسیکردن و داتەکاندنی زیاتری گیرفانی خەڵک قەرەبوکەنەوە.

 

لە ماوەی چارەکە سەدەیەکی رابردودا دەسەڵاتی ئەم حزبە بۆرژوا ناسیۆنالیستانە بەهەموو شێوازو فۆرمەکانیەوە تاقی کرایەوە؛ دەسەڵاتی بەرەی کورستانی، دەسەڵاتی میلیشیایی رووپۆشکراو بە پەرلەمان، دەسەڵاتی ناوچەیی راستەوخۆی میلیشیایی یەک حزبی، دەسەڵاتی دوحزبی لەسەر بناغەی رێکەوتنی ستراتیژی، سەرئەنجامیش حکومەتی نیشتمانی و بنکەفراوانی هەموو  حزبە بورژوازیەکان..هەموو ئەمانە ئەزمونی چارەکە سەدەیەک نمایش دەکەن کە پڕە لە کارەسات و تاڵان و برۆو سەرکوت و تیرۆر و لەژێرپێنانی مافەکانی خەڵک. ئەزمونێکە کە قەڵشتی چیانەیەتی کۆمەڵگای بەوپەڕی خۆی گەیاندوە؛ لەلایەک جەماوەرێکی ملیۆنی کرێکارو زەحمەتکێش وخەڵکی بێدەرەتان کە نوقمی هەژارین، لەلایەکی تریشەوە کەمایەتیەکی کەمی تاڵانچی و سەرمایەداری خاوەن کۆمپانیا کە نوقمی سەروەتن.

 

ئەم ئەزمونە بنبەست و شکستخواردوە سەلماندویەتی کە دەسەڵاتی بۆرژوا ناسیۆنالسیتی کوردو حزبەکانی نەک هەر نوێنەری دەسەڵاتدارێتی خەڵک نیە و چاکسازی و بەرەوباشتربردنی ئەم دۆخەیان لەدەستوردا نیە، بەڵکو ڕێک بەپێچەوانەوە هۆکاری تێکشکاندنی ئیرادەی خەڵک و بەرەو وێرانی وکارەساتبردنی هەرچی زیاتری کۆمەڵگایە.  بۆیە لەئێستادا کەئەم دەسەڵاتە لەلایەن خۆیانەوە هەڵوەشاوەەتەوەو لە زەلکاوی قەیرانەکانیدا پەلەقاژەی ناکامی دەکات، پێویستە جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش وئازادیخواز بەڕیزی ڕێکخراوو ئامادەوە بێنەمەدان بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم بارودۆخە و بەرپاکردنی دەسەڵاتی راستەوخۆی جەماوەری و بەدەستەوە گرتنی چارەنوس و کاروباری کۆمەڵگا. دامەزراندنی شوراکان و بەرپاکردنی دەسەلاتدارێتی راستەوخۆو شۆرشگێرانەی جەماوەر لەسەربناغەی سیستەمی شورایی، تەنها رێگای شۆرشگێرانەو رزگاریبەخشە بۆ دەرهێنانی کۆمەڵگا لە گێژاوی سیاسی و برسێتی و بێدەرەتانی ئێستا.

 

هەژاری و برسێتی و بێمافی لەپاڵ هەڕەشەی تیرۆریزمی داعشدا، کۆمەڵگای کوردستانی لەناو دۆخێکی لەرادەبەدەر ترسناک و نالەباردا راگرتوە. بورژوازی کورد و حزبەکانی جگە لە داشکاندنەوەی ئاکامە کارەساتبارەکانی ئەم دۆخە بەسەر جەماوەری کرێکارو ستمدەیدە، هیچ رێگاچارەیەکی تریان پێنیە. ئەم دۆخە پرمەترسی و نالەبارە تەنها دەتوانرێت لەرێگای هێنانەمەیدانی شۆرشگێرانەی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش و ئازادیخوازەوە بەرەو ئایندەیەکی دروەشاوەو باشتر تیپەڕبکرێت. ئەزمونی چارەکە سەدەیەک نیشانیداوە کە خولانەوە لە بازنەی ئەو سیستەمە سیاسیانەی کە ئەحزابی بورژوازی لە ژێرناوی دەسەڵاتی نیشتمانی و گەل و
دیموکراسی و پەرلەمانتاریزمدا، بە بریکاری خەڵک حوکمرانی بکەن، جگە لە دوبارەکردنەوەی ئەزمونی شکستخواردوی ئەم چارەکە سەدەیە لە دەسەڵاتی بیروکراتیک و سەرو خەڵکی و راپێچکردنی کۆمەڵگا بۆ ناو کارەسات و بێدەرەتانی و بێمافی هیچی تر نیە
.

سەرجەم ئەو پرۆژەو بریارو هەنگاوانەش کە ئێستا لەلایەن حزبە بۆرژوازیەکانەوە بە تایبەتی گۆران و یەکێتی و پارتی، وەکو نەخشە رێگای دەرچون لەم دۆخە دەخرێنەڕو، یان بۆ خراپ کەڵک وەرگرتن لە نارەزایەتیەکان و بەکارهێنانی جەماوەرە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی کۆنەپەرستانەی ناوخۆی حزبە بورژوازیەکان، یان بۆ جڵەوکردن و دامرکاندنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و کات کڕینە، بە مەبەستی سازدانەوەی دەسەڵاتی گەندەڵ و سەروخەڵکی و بەردەوامیدان بە دۆخی چارەکە سەدەی رابردوو.

 

بۆیە دەسەلاتداریتی راستەوخۆی نوینەرانی شۆراکانی کرێکاران و جەماورەی زەحمەتکێش و ئازادیخواز تەنها ئەلتەرناتیڤی دەستبەجێ و کارسازە بۆ جێگاگرتنەوەی حکومەتی بنکەفراوانی هەڵوەشاوەی حزبە بۆرژوا ناسیۆنالیستەکان. پێویستە بەوپەڕی هوشیاری و هەست بە بەرپرسیارێتیەوە هەموو هەوڵێک بخرێتەگەر بۆ ئەوەی پرۆسەی گوێزانەوەی دەسەلات بۆ دەستی شوراکان دور لە توندوتیژی و پێکدادان برواتە پێشەوە. پێویستە هەوڵی تەواو بدرێت بۆ داخستنی دەرگاکان بەروی پەلامارو سەرکوتی حزبە ناسیۆنالیستە چەکدارەکان و دەسەڵاتی  شکستخواردودا. پێویستە لیبڕاونە هێزی پێشمەرکەو پۆلیس و هێزە چەکدارەکان بانگەواز بکرێن و بەرچاویان رۆشنبکرێتەوە، کە ئەوان بەشێکن لە جەماوەری برسی و ستمدیدە و رۆڵەکانی کرێکاران و خەڵکی ئازادیخواز، نابێ بە فروفیشاڵی کوردایەتی فریوبخۆن و لولەی چەکەکانیان بۆ بەرگری لە تاقمێک تڵانچی و گەندەڵ و مشەخۆر ئاراستەی سنگی هاوچین و هاوچارەنوسەکانی خۆیان بکەن کە لە دژی برسێتی و نانبڕین و لە پێناو ئازادی هاتونەمەیدان.

 

دەسەڵاتی شوراکانی نوینەری خەلک دەتوانێ کۆنترۆڵی سامان و داهات و بەرهەمهێنان و دابەشکردن بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەدەستەوە بگرێت. بەجۆرێک کە ئازادی و خۆشگوزەرانی بۆ هەموان مسۆگەر بکات. لەم رێگایەدا پێویستە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری ئێستای کرێکاران وکارمەندان و زەحمەتکێشان و مامۆستایان و ژنان و لاوان و بێکاران و سەرجەم ئازادیخوازان.. هاوکات لەگەڵ پێداگری توند لەسەر داخوازیە دەستبەجێیەکان وسوربون بۆ سەپاندنی بەسەر ئەوانەی داهاتی کۆمەڵگایان بەتاڵان بروە، لەسەرجەم ناوەندەکانی کار و گەرەکو زانکۆ وبەڕیوەبەرایتیەکان، بە بەرپاکردنی کۆبوونەوە گشتیەکان وهەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆیان شوراکان بەرپابکەن. شوراکان ئامرازی کارای بەگەڕخستنی ئیرادەی شۆڕشگێرانەی جەماوەرن هەم بۆ رێکخستن و رابەری کردنی بزوتنەوەی نارەزایەتی ئێستا وهەم بۆ فەراهەم کردنی بناغەکانی ئەلتەرناتیڤیکی دەسەڵاتدارێتی لە جێگای دەسەڵاتی گەندەڵ و شکستخواردوی حزبە بۆرژوازیەکان .

 

 

 دەسەڵاتدارێتی شوراکان دەستبەجێ ئەم هەنگاوانەی خوارەوە جێبەجێ دەکات:

 

یەکەم: هەڵوەشاندنەوەی هەمو دام و دەزگا بیروکراسی و گەندەڵەکانی ئێستا، هەروەها سەرجەم هێزە چەکدارە میلیشیاییە حزبیەکان. هەموو کەرەسەو دارایی و ممتەلەکاتی ئەم دەزگاو میلیشیایانە لەلایەن نوێنەرانی سەراسەری شوراکانەوە تەرخان دەکرێن بۆ چەکدارکردنی گشتی جەماوەری رێکخراو لە شوراکانی خۆیاندا. هەروەها بانگەوازی هێزە چەکدارەکانی ئێستا (پێشمەرگە و پۆلیس و …) دەکرێن کە ئازادانە بە هاوچارەنوسەکانی خۆیان‌و هێزی چەکداری شوراکانەوە پەیوەست بن بۆ پاراستی ئازادی‌و ئاسایشی کۆمەڵگاو دەسەڵاتدارێتی شوراکان‌و بەرپەچدانەوەی هەرەشەی داعش.

 

دووەم: ئەم هەنگاوانەی خوارەوە وەکو سەرخەت و بنەما سەرکیەکانی دەستور و قانونی وڵات رادەگەیەنرێن:

 

١- گرتنەبەری هەنگاوی بەپەلەو کارساز بۆ گێرانەوەی هەموو ئەو موڵک و سامانەنەی کە لەم چەند ساڵەدا لەلایەن ئەحزاب و سەران و دەست وپێوەندەکانیانەوە بەتاڵان براوە. ئەوانە لەگەڵ داهاتی نەوت و داهاتەکانی دیکە، تەرخان دەکرێن بۆ باشکردنی ژیان وگوزەران وخزمەتگوزاریە گشتیەکان.

 

٢-   دەستبەجێ لەو داهاتانە هەمو کرێ و موچە نەدراوەکانی سەرجەم کرێکاران وکارمەندان وپێشمەرگە وپۆلیس ومامۆستا و خانەنشین و بیمەکانی تر..بەسەریەکەوە دابین و دابەش دەکرێن. هەروەها سەرجەم کرێ و موچەکان بەپێی ئاستی گرانی زیاد دەکرێن.

 

٣-بیمەی بێکاری تەسەل بۆ هەموو بێکارانی ئامادە بەکار دابین دەکرێت.

 

٤-  هەموو بانکەکان لە یەک بانکی گشتی ژێردەسەلاتی شوراکاندا یەکدەخرێن و داهاتی نەوت و سەرجەم داهاتەکان، هەروەها خەرج و بودجەبەندی وڵات بە شێوەیەکی شەفاف دەخرێتە بەرچاوی جەماوەرو لەژێر کۆنترۆلی راستەوخۆی نوێنەرانی شوراکاندا دەبێت.

 

٥-  دین لە دەولەت و پەروەدەو فێرکردن جیادەکرێتەوە، هەموو ئەو یاساو رێسایانەی کە سەرچاوەی دینیان هەیە هەڵدەوەشێنەوە، هەرکەس ئازادە هەر دینێکی هەبێت یان هیچ دینێکی نەبێت.

 

٦-  ئازادی بیروباوەر، رادەربرین، چاپەمەنی، مانگرتن و خۆپیشاندان و کۆبونەوەو رێکخراوبون و پێکهێنانی ئەحزابی سیاسی بەبێ هیچ قەیدو بەندێک.

 

٧-یەکسانی هەمەلایەنەی ژن و پیاو لە هەموو مافێکدا وە هەڵوەشناوەی هەموو ئەو یاساو ریسایانەی کە ناکۆک بێت لەگەڵ ئەمەدا.

 

٨- یەکسانی هەموو دانیشتوان بەدەر لە رەگەز و دین و ئەتنیک و….

 

٩-   هەڵوەشاندنەوەی سزای لە سێدارەدان.

 

١٠- هەڵوەشاندنەوەی ئەو پەیماننامەو گرێبەستە ئابوری و سیاسیانەی کە حکومەتی هەرێم لەگەڵ دوڵەت و کۆمپانیاکاندا بەستویانەو دژ بە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانن.

 

١١-   دابینکردنی بیمەی تێروتەسەل بۆ هەموو کەسانێک کە بە هۆی باری تەندروستیەوە توانای کارکردنیان نیە.

 

١٢-  گرتنەبەری هەنگاوی بە پەلە و پێویست بۆ دابینکردن و رێکخستنی گوزەرانێکی گونجاو بۆ ئاوارەکان.

 

سێهەم: بەرپاکردنی ریفراندومێکی گشتی و ئازادنە لە ژێر چاودێری دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان. لەم ریفراندۆمەدا خەلکی کوردستان ئازادانە بریار لەسەر ئەوە دەدەن کە ئایا دەیانەوەی لە چوارچێوەی عێراقدا بمێننەوە یان جیابنەوەو دەوڵەتێکی سەربەخۆ دابمەزرێنن. پێویستە بەر لە ریفراندۆم ٦ مانگ لە هەلومەرجێکی ئازادانەدا بوار بدرێت هەموو ئەحزاب و رێکخراوەکان ئەلتەرناتیوی خۆیان بۆ رای گشتی رون بکەنەوە. ئەنجامی دەنگدانی خەلک هەرچیەک بێت، ئەوە تاقە بریاری شەرعی خەلکی کوردستانە و دەسەڵاتی شوراکان بە هەمو توانا بۆ جێبەجێ کردنی دەست بەکار دەبێت.

*     *     *

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بانگەوازی هەموو جەماوەری نارازی و ئازادیخواز دەکات کە لە پێناو ئەم ئامانجانەو تێپەڕاندنی دۆخی پرمەترسی ئێستاو بەرپاکردنی دەسەڵاتێکی راستەوخۆی جەماوەری و شۆرشگێرانە، لە پشتی ئەم ئەلتەرناتیڤە رابوەستن و بۆ بەرپاکردنی شوراکان دەست بەکاربن. هەروەها بانگەوازی هەمو هەڵسوراوانی کرێکاری و کۆمۆنیست و ئازادیخواز دەکات بۆ نواندنی رۆڵی دەستپێشخەری و پێشڕەوانە لەم رێگایەدا.

 

هاوکات حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە پێویستە هەموو حزبە سیاسیەکان پابەندبن بە خواست و ئیرادەی شۆرشگیرانەی جەماوری کرێکارو ئازادیخوازی بەمەیدان هاتو و خۆیان نەخەنە بەرامبەر ئەم ئیرادەیەوە. ئەمە تەنها رێگای دەرهێنانی کۆمەڵگایە لە قەیران و بنبەستی ئێستا و دور راگرتنی لە توندوتیژی و پێکدادانی خوێناوی. سیستەمی شورایی لەگەل ئەوەی تەنها شێوازی دەسەلاتدارێتی راستەوخۆی جەماوەرە، لە هەمان کاتدا بالاترین جۆری دیموکراتیک و ئازادی سیاسی مسۆگەر دەکات. هەموو حزبە سیاسیەکان دەرفەتی ئەوەیان هەیە بەرێزگرتن لە ئیرادەی شۆرشگێرانەی جەماوەر و بەشداریەکی سیاسی لەم پرۆسە دیمکراتیک و ئازادانەیە رۆڵی خۆیان بگێڕن و پێگەی خۆیان بەدەست بهێنن.

 

 

 

حزبی کۆمۆنیستی کڕیکاری کوردستان

شوباتی ٢٠١٦